چیرۆکی ڕاستەقینەی زیناکەی عایشە

 

لە کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا وەرگیراوە

بەشی یەکەم


گه‌ر موحه‌ممه‌د بیزانیبایه‌ قسه‌كردنى ئایینى له‌سه‌ر سێكس هێنده‌ ئاڵۆزه‌، به‌تایبه‌تى كه‌ شاره‌زایى لێى نییه‌، نه‌یده‌كرده‌ كێشه‌یه‌كى کۆمەڵایه‌تى ئاوها قه‌به‌ كه‌بۆى چاره‌سه‌ر نه‌كرێ. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كارێكى ده‌كرد، سێكس له‌رووناكیدا به‌چاكى پراكتیك بكرێ، نه‌ك له‌ تاریكیداو به‌رێگه‌یه‌كى چه‌وت.

 رووداوێك كه‌ له‌ مێژووى ئیسلامدا به‌(بوختان، الافك) ناسراوه‌، یه‌كێكه‌ له‌ چیرۆكه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانى ژیانى جنسى عائیشه‌ و كێشه‌ کۆمەڵایەتییه‌كانى موحه‌ممه‌د. ئه‌م رووداوه‌، له‌كاتى خۆیدا، كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ى بۆ (موحه‌ممه‌د) وه‌ك په‌یامبه‌رێك دروست كرد و سه‌رهه‌ڵدان و كۆتاییهاتنى نزیكه‌ى مانگێكى خایاند. كورته‌ى رووداوه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ عائیشه‌ له‌ غه‌زایه‌كدا به‌ته‌نیا جێده‌مێنێت. كاتێك ده‌بینرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكدایه‌ به‌ ناوى صه‌فوان و له‌چۆڵه‌وانیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. به‌م هۆیه‌وه‌ سیناریۆیه‌ك ئه‌م دووانه‌ له‌په‌ڕاوه‌كانى مێژووى ئیسلامدا نوسراونه‌ته‌وه‌ چونكه‌ قسه‌و باسى زیناكردنیان له‌ شارى مه‌دینه‌و ده‌وروبه‌رى, به‌بێ شه‌رمى ئه‌وه‌ى كه‌ باسى یه‌كێك له‌ ژنه‌كانى په‌یامبه‌ر ده‌كه‌ن, زۆر به‌خێرایى ته‌شه‌نه‌ى سه‌ند و به‌ ئاشكرا قسه‌وباسى زیناى عائیشه‌ و صه‌فوانیان دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌. به‌شێوه‌یه‌ك گه‌وره‌ كرابوو كه‌چه‌ندین ئایه‌تى له‌ناو قورئاندا بۆ ته‌رخان كراو به‌م شێوه‌یه‌ش تا ئیسلام مابێت له‌بیرناچێته‌وه‌. ئێمه‌ ده‌قى رووداوه‌كه‌ له‌سه‌رچاوه‌ى ره‌سه‌نى ئیسلامه‌وه‌ (بوخارى) وه‌رده‌گرین كه‌خودى عائیشه‌ حیكایه‌تخوانه‌كه‌یه‌تى:

(به‌كورتى) عائیشه‌ ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر په‌یامبه‌رى خوا به‌نیازى سه‌فه‌ر بڕۆیشتایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى شار، ده‌و (تیروپشك)ى بۆ ژنه‌كانى ده‌كردو یه‌كێكیانى له‌گه‌ڵ خۆى ده‌برد. له‌یه‌كێك له‌غه‌زاكاندا ده‌وى كردوو من ده‌رچووم و له‌گه‌ڵى چووم. ئه‌مه‌ش پاش هاتنى فه‌رمانى حیجاب بوو. له‌كه‌ژاوه‌یه‌كدا بووم, پاش ئه‌وه‌ى په‌یامبه‌رى خوا له‌ غه‌زاكه‌ى بووه‌وه‌، باروبارگه‌مان پێچایه‌وه‌و روومان له‌ مه‌دینه‌ كرد. شه‌ومان به‌سه‌رهات و له‌ ڕێگه‌ لاماندا. كاتێك فه‌رمان درا بكه‌وینه‌ ڕێ، به‌ نیازى ده‌ستبه‌ئاوگه‌یاندن له‌ له‌شكره‌كه‌ دوور كه‌وتمه‌وه‌. كه‌ ته‌واو بووم و گه‌ڕامه‌وه‌، ده‌ستم برد بۆ سنگم، زانیم كه‌ ملوانكه‌كه‌م پچڕاوه‌و لێم كه‌وتووه‌. گه‌ڕامه‌وه‌و به‌شوێن ملوانكه‌كه‌مدا گه‌ڕام و كاتێكى زۆرى پێ به‌سه‌ربردم. (عائیشه‌ هه‌ر وه‌ك ژنێكى دى به‌ پیاده‌ یان به‌ سوارى نه‌بوو، به‌ڵكو له‌سه‌ر حوشترێكى گه‌وره‌ كه‌ژاوه‌یه‌كیان بۆ دروست كردبوو، وه‌ك خۆى ده‌ڵێت:) كه‌ژاوه‌كه‌ له‌ حوشتره‌كه‌ باركرابوو، كه‌وتبوونه‌ڕێ، وایان زانیبوو منى تێدام. له‌و زه‌مانه‌دا ژنان كێشیان سووك بوو، لاواز بوون و گۆشتن نه‌بوون، منیش منداڵ و بچووك بووم. كاتێك كه‌ژاوه‌كه‌م ده‌خه‌نه‌ سه‌ر حوشتره‌كه‌، وایانزانیبوو منى تێدام. كه‌ ملوانكه‌كه‌م دۆزییه‌وه‌و گه‌ڕامه‌وه‌، بینیم شوێنه‌كه‌ چۆڵ بووه‌. هاوارم كرد، كه‌س وەڵامى نه‌دامه‌وه‌. كه‌مێك به‌ره‌و پێش چووم و دواتر گه‌ڕامه‌وه‌ شوێنى خۆم، وامزانى له‌و شوێنه‌دا بمێنمه‌وه‌ باشتره‌، به‌و هیوایه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌و هه‌ر له‌وێدا بمدۆزنه‌وه‌. ئیتر له‌وێدا دانیشتم و خه‌وم لێكه‌وت.

 صه‌فوانى كوڕى موعه‌تته‌ڵى سه‌له‌مى (خزمه‌تكارى موحه‌ممه‌د له‌ ماڵى عائیشه‌دا) ئه‌ویش له‌ له‌شكره‌كه‌ به‌جێمابوو، تارمایى كه‌سێكى خه‌وتووى بینى، هات بۆ لام و منى ناسییه‌وه‌ و وتى (إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ). سوارى حوشتره‌كه‌ى كردم, یه‌ك وشه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ نه‌كرد, به‌ره‌و مه‌دینه‌ كه‌وتینه‌ ڕێ، تا گه‌یشتینه‌وه‌ مه‌دینه‌, ئیتر بوختانى زینایان بۆ كردین. ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ده‌ستپێشخه‌رى بوختانه‌كه‌ بوو (عَبْدُاللَّهِ بْنُ أُبَيّ ابْنُ سَلُولَ) بوو. نه‌خۆش كه‌وتم. خه‌ڵكانیش قسه‌ى بوختانچیه‌كانیان ده‌كرد. نه‌خۆشیه‌كه‌م درێژه‌ى كێشاو له‌ ئازاردا بووم. هیچ شتێكم له‌و سۆزه‌ى په‌یامبه‌رى خوا نه‌ده‌دى كه‌ پێشتر له‌ كاتى نه‌خۆشیدا لێم بینیبوو. من بوختانه‌كه‌م نه‌بیستبوو, رۆژێكیان به‌ هۆى چوونه‌ده‌ره‌وه‌م بۆ ده‌ستبه‌ئاوگه‌یاندن بیستم. به‌م هۆیه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌م زیادى كرد. رۆژێك په‌یامبه‌رى خوا هاته‌وه‌ و داوام لێكرد مۆڵه‌تم بدا بچم سه‌ردانى باوك و دایكم بكه‌م، به‌ڵكو له‌وێ هه‌موو هه‌واڵه‌كه‌ بزانم. ئه‌ویش مۆڵه‌تى دام و چوومه‌ لاى باوك و دایكم. دایكم هه‌موو شتێكى بۆ گێڕامه‌وه‌. منیش ئه‌و شه‌وه‌ له‌وێ مامه‌وه‌، چاوانم له‌ فرمێسكدا وشكیان نه‌ده‌كرد تا رۆژ بووه‌وه‌.

 په‌یامبه‌رى خوا، عه‌لى كوڕى ئه‌بى تاڵب و ئوسامه‌ى كوڕى زه‌یدى بانگ كرد، ده‌رباره‌ى جیابوونه‌وه‌ى له‌ من، راوبۆچوونى لێوه‌رگرتن. ئوسامه‌ به‌ په‌یامبه‌رى خواى وت: عائیشه‌ كه‌سوكارى خۆته‌و من ته‌نها شتى باشم لێبیستووه‌. بەڵام عه‌لى پێیوتووه‌: ئه‌وه‌نده‌ خۆت ناڕه‌حه‌ت مه‌كه‌، ته‌لێقى بده‌، ژنى وه‌ك ئه‌و زۆره‌! پرسیارێكیش له‌ كه‌نیزه‌كه‌كه‌ى بكه‌ بزانه‌ چى ده‌ڵێت. كه‌ پرسیاریان له‌ كه‌نیزه‌كه‌كه‌ كرد، وتى جگه‌ له‌ باشه‌ شتم لێنه‌دیوه‌. ئیتر په‌یامبه‌رى خوا ده‌چێ بۆ مزگه‌وت و له‌ دواى نوێژ خوتبه‌یه‌ك ده‌داو له‌خوتبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: كێ له‌ده‌ست پیاوێك رزگارم ده‌كات كه‌له‌ناو كه‌سوكاره‌كه‌مدا دوچارى ئازارى كردووم؟! (مه‌به‌ستى له‌ عه‌بدوڵلێى كوڕى ئوبه‌ى كوڕى سه‌لول بوو, چونكه‌ ئه‌و وتبووى عائیشه‌و صه‌فوان زینایان كردووه‌). سوێند به‌خوا شتى چاك نه‌بێت له‌كه‌سوكارى خۆمم نه‌بیستووه‌، باسى پیاوێكیش ده‌كه‌ن (مه‌به‌ستى له‌ صه‌فوانه‌) جگه‌ له‌شتى چاك هیچم لێنه‌بیستووه‌ و له‌گه‌ڵ مندا نه‌بێت نه‌چووه‌ته‌ ماڵمه‌وه‌. هه‌ر له‌وێدا سه‌عدى كوڕى مه‌عاز سه‌ره‌ك هۆزى (ئه‌وس) له‌ناو نوێژكه‌راندا هه‌ڵده‌ستێ و ده‌ڵێ: رێگه‌م بده‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و پیاوه‌ له‌ هۆزى (ئه‌وس) بێت، بده‌م له‌ گه‌ردنى و بیكوژم، بەڵام ئه‌گه‌ر له‌ هۆزى (خه‌زره‌ج) بێت، خۆت فه‌رمان بده‌ با جێبه‌جێى بكه‌ین. سه‌عدى كوڕى عوباده‌ كه‌گه‌وره‌ى خه‌زره‌جییه‌كان بوو، له‌و كاته‌دا هه‌ڵساو له‌ سه‌عدى كوڕى مه‌عاز تووڕه‌بوو، پێى وت: درۆت كرد، سوێند به‌ خوا نایكوژى و ناشتوانى بیكوژى. هه‌ر له‌وێدا (أُسَيْدُ بْنُ حُضَيْرٍ) هه‌ڵساو ڕووى كرده‌ گه‌وره‌ى خه‌زره‌جییه‌كان و پێیوت: به‌خودا درۆت كرد، سوێند به‌ خوا ده‌یكوژین و تۆش منافقیت بۆیه‌ وا به‌رگرى له‌منافق ده‌كه‌یت. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ردوو هۆزى ئه‌وس و خه‌زره‌ج بوو به‌شه‌ڕه‌ قسه‌یان و هیچى واى نه‌مابوو پێكداهه‌ڵپژێن، په‌یامبه‌رى خوا هێورى كردنه‌وه‌و بێده‌نگى كردن.

 منیش ئه‌و رۆژانه‌ هه‌ر ده‌گریام. په‌یامبه‌رى خوا كه‌ تائه‌وكاته‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ وه‌حى بۆ نه‌هاتبوو (نزیكه‌ى مانگێكى خایاند) هاته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌و پێى وتم: ئه‌گه‌ر بێتاوانیت ئه‌وا خوا فریات ده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر گوناهت كردووه‌ په‌شیمان به‌ره‌وه‌ چونكه‌ خوا په‌شیمانى له‌تۆ قبوڵ ده‌كات. منیش پێم وت: سوێند به‌خوا ئه‌زانم هه‌مووتان بڕواتان كردووه‌ كه‌ من زینام كردووه‌، ئه‌گه‌ر بڵێم بێتاوانم كه‌ستان بڕوام پێناكه‌ن ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌م گوناهه‌م كردووه‌ ئه‌وا خوا ده‌زانێ نه‌مكردووه‌، ئێوه‌ش بڕوا ده‌كه‌ن كه‌ كردوومه‌، ته‌نها ئارام بگرم باشه‌، به‌ڵكو خوا فریام كه‌وێت. ئیتر منیش له‌جێگه‌ى نه‌خۆشییه‌كه‌م هه‌ڵسامه‌وه‌، تكاكاربووم خوا پاكێتیم ده‌رخات، بەڵام سوێند به‌خوا نه‌مده‌زانى خوا له‌سه‌ر من وه‌حى داده‌به‌زێنێت. من زۆر له‌وه‌ كه‌مترم خوا ده‌رباره‌ى من شتێك بڵێت. هیواخوازبووم كه‌ په‌یامبه‌رى خوا له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌خه‌وبینینێك پاكیزه‌یى منى بۆ ده‌ركه‌وێت, له‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوێكدا په‌یامبه‌رى خوا به‌پێكه‌نینه‌وه‌ پێى وتم: ئه‌ى عائیشه‌، سوپاسى خوا بكه‌ ئه‌وه‌ خوا پاكێتى تۆى ده‌رخست.١ 

پاكیزه‌یى عائیشه‌ش به‌م چه‌ند ئایه‌ته‌ باس كراوه‌:

(اِنَّ الَّذِينَ جَاؤُوا بِالْإِفْكِ عُصْبَةٌ مِّنكُمْ لَا تَحْسَبُوهُ شَرًّا لَّكُم بَلْ هُوَ خَيْرٌ لَّكُمْ لِكُلِّ امْرِئٍ مِّنْهُم مَّا اكْتَسَبَ مِنَ الْإِثْمِ وَالَّذِي تَوَلَّى كِبْرَهُ مِنْهُمْ لَهُ عَذَابٌ عَظِيمٌ لَوْلَا إِذْ سَمِعْتُمُوهُ ظَنَّ الْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بِأَنفُسِهِمْ خَيْرًا وَقَالُوا هَذَا إِفْكٌ مُّبِينٌ لَوْلَا جَاؤُوا عَلَيْهِ بِأَرْبَعَةِ شُهَدَاء فَإِذْ لَمْ يَأْتُوا بِالشُّهَدَاء فَأُوْلَئِكَ عِندَ اللَّهِ هُمُ الْكَاذِبُونَ وَلَوْلَا فَضْلُ اللَّهِ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَتُهُ فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ لَمَسَّكُمْ فِي مَا أَفَضْتُمْ فِيهِ عَذَابٌ عَظِيمٌ إِذْ تَلَقَّوْنَهُ بِأَلْسِنَتِكُمْ وَتَقُولُونَ بِأَفْوَاهِكُم مَّا لَيْسَ لَكُم بِهِ عِلْمٌ وَتَحْسَبُونَهُ هَيِّنًا وَهُوَ عِندَ اللَّهِ عَظِيمٌ وَلَوْلَا إِذْ سَمِعْتُمُوهُ قُلْتُم مَّا يَكُونُ لَنَا أَن نَّتَكَلَّمَ بِهَذَا سُبْحَانَكَ هَذَا بُهْتَانٌ عَظِيمٌ يَعِظُكُمُ اللَّهُ أَن تَعُودُوا لِمِثْلِهِ أَبَدًا إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ). ئایەتەکانی ١١ بە دواوە لە سورەتی نوور 

 

 (ئه‌وانه‌ى بوختانه‌كه‌یان هه‌ڵبه‌ستبوو گروپێك بوون له‌خۆتان. وانه‌زانن بۆ ئێوه‌ خراپ بوو، به‌ڵكو مایه‌ى خێره‌ بۆتان. تاوانى هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ له‌گه‌ردنى خۆیانه‌. ئه‌و كه‌سه‌ش كه‌بوختانه‌كه‌ى گه‌وره‌ كرد سزایه‌كى سه‌ختى ده‌گاتێ. ده‌بوایه‌ پیاوان و ژنانى ئیماندار، به‌گوێبیستى ده‌نگوباسه‌كه‌، به‌چاكى لێكیان بدایه‌ته‌وه‌ و بیانوتایه‌ ئه‌مه‌ بوختانێكى ئاشكرایه‌, ده‌بوو چوار شاهیدیان بهێنایه‌، ئه‌گه‌ر چوار شاهیدیان نه‌هێنا، ئه‌وه‌ له‌لاى خوا درۆزنن. ئه‌گه‌ر فه‌زڵ و به‌زه‌یى خوا له‌م دونیاو ئه‌و دونیا نه‌بوایه‌ دوچارى سزایه‌كى گه‌وره‌ ده‌بوون. ده‌ماوده‌م شت ده‌ڵێنه‌وه‌و باسى شتێك ده‌كه‌ن كه‌ئاگاتان لێى نییه‌، واده‌زانن هه‌روا شتێكى ساده‌و ئاسانه‌، له‌كاتێكدا لاى خوا زۆر گه‌وره‌یه‌. كاتێك گوێتان له‌ ده‌نگۆكه‌ بوو، ده‌بوو بتانوتایه‌ ئێمه‌ قسه‌ى وا ناكه‌ین، ئه‌مه‌ بوختانێكى گه‌وره‌یه‌. خوا ته‌مبێتان ده‌كات، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕدارن هه‌رگیز بوختانى له‌و شێوه‌یه‌ دووباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌.و.)

موحه‌ممه‌د, به‌هێنانى ئه‌م چه‌ند ئایه‌ته‌، عائیشه‌ له‌ كێشه‌و به‌ردبارانكردنى ئایینه‌كه‌ى رزگار ده‌كات. قسه‌و باسیش له‌ناو خه‌ڵكیدا نامێنێو چیتر كه‌س باسى ناكات. هه‌ر ئه‌مه‌ش واى له‌ موسڵمانان كرد شه‌وێك ناو بنێن به‌ شه‌وى به‌رات، تا هه‌موو ساڵێك له‌ یاده‌وه‌رى ئه‌و رووداوه‌ تاڵه‌یاندا شیرینى به‌سه‌ر منداڵه‌كاندا ببه‌خشنه‌وه‌، به‌و هیوایه‌ى له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ پاكیزه‌یى عائیشه‌ بۆ منداڵه‌كان بسه‌لمێنن، تا له‌گه‌وره‌بوونیاندا به‌رگرى له‌ یه‌كێك له‌ ژنه‌كانى موحه‌ممه‌د بكه‌ن و بڵێن زیناى نه‌كردووه‌. چونكه‌ منداڵ له‌ته‌مه‌نى په‌روه‌رده‌كردندایه‌و ئاستى هوشیارى كه‌مه‌. نازانێ راست و دروست كامه‌یه‌ و پرسیار ده‌رباره‌ى ئه‌و جۆره‌ رووداوانه‌ ناكات كه‌ پرسیارى لۆژیكى دروست ده‌كه‌ن. بۆیه‌ زۆر به‌ئاسانى ده‌بنه‌ هه‌ڵگرى بیروبۆچوونى قسه‌كه‌ر.

ئێمه‌ش قه‌رزدارى مێژوونووسانى ئیسلامین كه‌به‌هۆى ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌م چیرۆكه‌مان زانى. چیرۆكێك به‌شێوه‌یه‌كى دروست باس له‌واقعیه‌تى ژنێك ده‌كات كه‌ به‌هۆى ده‌ستوری ره‌شۆكیه‌وه‌، له‌ته‌مه‌نى نۆ ساڵیدا، ده‌بێته‌ ژنى كه‌سێكى ته‌مه‌ن په‌نجاو چوار ساڵ. به‌تێپه‌ڕبوونى چه‌ند ساڵێك گه‌وره‌ ده‌بێ و تێده‌گاو هۆشدارى ئه‌وه‌ى لا دروست ده‌بێت كه‌ خاوه‌نى كه‌سایه‌تى و هه‌ست و غه‌ریزه‌ى سێكسیه‌. پێشوه‌خت هیچ كه‌سێك، ته‌نانه‌ت باوك و دایكیشى، رێزیان له‌م حه‌زو ئاره‌زووانه‌ى نه‌گرتووه‌، به‌ڵكو دوچارى چاره‌نوسێكیان كردووه‌ كه‌له‌ته‌مه‌نى هه‌ژده‌ ساڵییه‌وه‌ مێرده‌كه‌ى بمرێ و تا مردنى به‌ بێوه‌ژنى بمێنێته‌وه‌. له‌ هه‌موو مافه‌ سه‌ره‌تایى و ئاره‌زووه‌كانیشى بێبه‌ش بێت. هه‌ر ئه‌م راستیانه‌شه‌ واى له‌ عائیشه‌ كردووه‌ له‌ناو رووداوێكى له‌م شێوه‌یه‌دا بژى و به‌چیرۆكێكیش به‌رگرى له‌ خۆى بكات كه‌ زیاتر له‌ پاساوهێنانه‌وه‌ ده‌چێت نه‌ك نكوڵى لێكردن.

گه‌ر كه‌مێك له‌ عائیشه‌ دوور بكه‌وینه‌وه‌و بێینه‌وه‌ لاى موحه‌ممه‌د. عائیشه‌ زیناى كردبێت یان..نا موحه‌ممه‌د به‌ لایه‌كدا تاوانبار ده‌رده‌چێت. ئه‌گه‌ر زیناى نه‌كردبێت ئه‌وه‌ كاتێك موحه‌ممه‌د كه‌ له‌ مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ باسى پاكیزه‌یى عائیشه‌ى كردووه‌, راستى كردوه‌ بەڵام له‌گه‌ڵ خودى عائیشه‌دا تاوانباره‌ چونكه‌ له‌گه‌ڵى باش نه‌بووه‌و ماوه‌ى مانگێكیش لێى دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌و قسه‌ى له‌گه‌ڵ نه‌كردووه‌, له‌كاتێكدا عائیشه‌ نه‌خۆشیش بووه‌. لێره‌دا دادپه‌روه‌رى موحه‌ممه‌د دیار نییه‌ و بۆ یه‌كێك له‌ ژنه‌كانى به‌ نادادپه‌روه‌ر و به‌دگومان تاوانبار ده‌كرێت, پێى وتووه‌ (گه‌ر زینات كردووه‌ ته‌وبه‌ بكه‌ چونكه‌ خوا ته‌وبه‌ له‌تۆ قبوڵ ده‌كات) عائیشه‌ش زیناى نه‌كردووه‌و بێتاوانه‌! ئه‌ى دادپه‌روه‌رى موحه‌ممه‌د كوا!؟ خۆ ئه‌گه‌ر عائیشه‌ زیناى كردبێت, ئه‌وه‌ موحه‌ممه‌د درۆزنه‌, چونكه‌ له‌ مزگه‌وت باسى له‌ پاكیزه‌یى عائیشه‌ كردووه‌و كرده‌ى زیناى داپۆشیوه‌.

له‌كاتى خۆیدا راستى و حه‌قیقه‌تى ئه‌م رووداوه‌ لاى صه‌حابه‌یه‌ك به‌ناوى حسان بن ثابت یه‌كلایى بووه‌ته‌وه‌. دواى قسه‌وباسى پاكیزه‌یى عائیشه‌ له‌كارى زینا، ئه‌م صه‌حابه‌یه‌ بڕواى نه‌كردووه‌و سووربووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى عائیشه‌ زیناى كردووه‌ و هه‌روه‌ها صه‌فوانیش وه‌ك خزمه‌تكارێك خیانه‌تى له‌موحه‌ممه‌د كردووه‌. بۆیه‌ صه‌فوان به‌ره‌نگارى حه‌سسان بووه‌ته‌وه‌, شه‌ڕ له‌نێوانیاندا روویداوه‌ و حه‌سسان بریندار بووه‌ و داواى خوێنى كردووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى صه‌فوان خزمه‌تكارى موحه‌ممه‌د بووه‌, كێشه‌كه‌یان به‌وه‌ چاره‌سه‌ر بووه‌ كه‌ موحه‌ممه‌د كه‌نیزه‌كێكى خۆى به‌ناوى سیرین ببه‌خشێت به‌ حه‌سسان.٢ 

ئه‌م سیرینه‌ خوشكى ئه‌و مارییه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ مابووردا، هه‌رسێكیان وه‌ك دیارییه‌ك له‌لایه‌ن پادشایه‌كه‌وه‌ بۆ موحه‌ممه‌دى په‌یامبه‌ر نێردرابوون.

جێى خۆیه‌تى كه‌ بڵێین ئه‌م نه‌رێته‌ ڕه‌شۆكییه‌, كه‌ بۆ كپكردنه‌وه‌ى ئاژاوه‌یه‌ك ئافره‌تێك پێشكه‌ش بكرێت, تا ئێستاش له‌ كۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌كاندا ماوه‌ته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى زۆر بێڕێزانه‌ سوكایه‌تی به‌ ژنان به‌رده‌وامه‌. له‌ ئه‌نجامى شه‌ڕى خوێناوى نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ یاخود كه‌سوكار, هۆز, خێڵ و عه‌شره‌ت وا ڕوویداوه‌ كه‌ له‌كاتى ئاشتبوونه‌وه‌یاندا لایه‌نێكیان ئافره‌تێك یان زیاتر ببه‌خشێت به‌لایه‌نه‌كه‌ى تر. ئه‌م كاره‌ش دوو ده‌رئه‌نجامى به‌دیهێناوه‌, یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ى نیشانداوه‌ كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ى ئافره‌ته‌كه‌ى به‌خشیوه‌, به‌پێى ڕێكه‌وتننامه‌كه‌, خه‌تابار بووه‌. جا ئه‌گه‌ر ده‌ستى له‌ هه‌ڵگیرساندنى شه‌ڕه‌كه‌ هه‌بووبێت یاخود له‌كاتى شه‌ڕه‌كه‌دا خوێنى زیاترى له‌ لایه‌نه‌كه‌ى تر ڕشتبێت. ده‌رئه‌نجامى دووهه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌به‌خشینى ئافره‌ت له‌ دواى ئاشتبوونه‌وه‌ خزمایه‌تى و هاتووچۆو تێكه‌لێوى له‌ نێوان شه‌ڕكه‌ره‌كاندا دروست ده‌كات, ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى دروستبوونى متمانه‌ له‌دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ى شه‌ڕ له‌ نێوانیاندا. به‌م شێوه‌یه‌ كلتورێكى ده‌شته‌كى كه‌ موحه‌ممه‌د پیاده‌ى كردوو به‌هۆى ئافره‌تێكه‌وه‌ خزمه‌تكارێكى خۆى له‌ كوشتن ڕزگار كرد, له‌ ئیسلامدا بووه‌ به‌ ڕێوڕه‌سمێكى شایسته‌. به‌مانایه‌كى دیكه‌ ناوگه‌ڵى ئافره‌ت له‌ ئیسلامدا پشكى سه‌ره‌كى له‌ ئاشبوونه‌وه‌ یان شه‌ڕى خوێناوى نێوان موجاهیده‌كانى ئیسلامدا ده‌بینێت.

 ئیسلام پاساوى جۆراوجۆر بۆ ئه‌م جۆره‌ چیرۆكانه‌ى ژیانى موحه‌ممه‌د ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌. به‌ناوى به‌رژوه‌ندى کۆمەڵایه‌تى، سیاسى، شه‌رعى، حه‌لێڵ و حه‌رام، دڵراگرتنى كه‌سایه‌تییه‌كان، ئه‌م كێشه‌یه‌ى به‌ ئایه‌ت چاره‌سه‌ر كردووه‌. زۆر به‌ ئاسانى ده‌توانین له‌ ڕێى ئه‌و پاساوانه‌وه‌ به‌نێو ره‌هه‌ندى ژیانى سێكسیى عائیشه‌ رۆبچینه‌ خواره‌وه‌ و زۆرێك له‌ نهێنییه‌كانى ئاشكرا بكه‌ین.

بۆ ئه‌وه‌ى بۆچوونه‌كه‌مان ده‌رباره‌ى ئه‌م رووداوه‌ى عائیشه‌ جێى خۆى بگرێت، پێویسته‌ كه‌مێك به‌سه‌ر ئه‌و ئایه‌تانه‌دا بچینه‌وه‌ كه‌ پاكیزه‌یى عائیشه‌ ده‌رده‌خه‌ن. وردببینه‌وه‌ قورئان چۆن چاره‌سه‌رى مه‌سه‌له‌یه‌كى وه‌ها گرنگى مێژوویى كردووه‌. سه‌ره‌تا بۆ جارێكى دیكه‌ ئایه‌ته‌كان ده‌خوێنینه‌وه‌:

(ئه‌وانه‌ى بوختانه‌كه‌یان هه‌ڵبه‌ست ده‌سته‌یه‌ك بوون له‌خۆتان. وانه‌زانن كه‌وا ئه‌و بوختانه‌ خراپ بوو بۆتان، به‌ڵكو مایه‌ى خێر بوو. تاوانى هه‌ر یه‌ك له‌بوختانكه‌ران له‌گه‌ردنى خۆیانه‌. ئه‌و كه‌سه‌ش كه‌بوختانه‌كه‌ى گه‌وره‌ كرد سزایه‌كى سه‌خت و گه‌وره‌ى بۆ ئاماده‌كراوه‌. ده‌بوایه‌ هه‌ر دواى بوختانه‌كه‌ ئیماندارانى پیاوان و ژنان گومانیان له‌پاكى و چاكى خۆیان نه‌بوایه‌ و بیانوتایه‌ ئه‌مه‌ بوختانێكى ئاشكرایه‌. ده‌بوو بوختانچییه‌كان چوار شاهیدیان بهێنایه‌ بۆ سه‌لماندنى قسه‌كانیان، ئه‌گه‌ر چوار شاهیدیان نه‌هێنا ئه‌وه‌ ئیتر له‌لاى خوا له‌درۆزنه‌كانن. ئه‌گه‌ر فه‌زڵى خوا له‌م دونیاو ئه‌و دونیا نه‌بوایه‌ دوچارى سزایه‌كى گه‌وره‌ ده‌بوون. ئه‌وه‌ بۆچى ده‌ماوده‌م شت ده‌ڵێنه‌وه‌و باسى شتێك ده‌كه‌ن كه‌ئاگاتان لێى نییه‌؟ ئایا واده‌زانن ئه‌و بوختانه‌ هه‌رئاوا شتێكى ساده‌و ئاسانه‌، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ لاى خوا زۆر گه‌وره‌یه‌؟ ده‌بوو كاتێك گوێتان له‌بوختانێكى وه‌ها بوو، بتانوتایه‌ ئێمه‌ قسه‌ى وا ناكه‌ین، ئه‌مه‌ بوختانێكى گه‌وره‌یه‌. خوا ئامۆژگاریتان ده‌كات ئه‌گه‌ر باوه‌ڕدارن هه‌رگیزاو هه‌رگیز شتى وه‌ها دووباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌..و..و.)

 

جگه‌ له‌ هه‌ردوو كتێبه‌ مێژووییه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى دونیاى ئیسلام (اسباب النزول)ى جه‌لاله‌ین و واحدی، راڤه‌كاره‌ گه‌وره‌كانى مێژووى ئیسلامیش، وه‌ك: ابن كثير و القرطبي و الطبري(٣) له‌ كاتى راڤه‌كردنى ئه‌م ئایه‌تانه‌دا به‌راشكاوانه‌ باس له‌ رووداوى زیناكه‌ ده‌كه‌ن و هۆكارى ده‌ركه‌وتنى ئایه‌ته‌كان ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ به‌سه‌رهاته‌كه‌ى عائیشه‌وه‌. لێره‌وه‌ نابێت گومانمان له‌ مه‌به‌ستى ده‌ركه‌وتنى ئایه‌ته‌كان بۆ ئه‌و رووداوه‌ هه‌بێت.

وه‌ك له‌ سه‌ره‌تاكه‌یدا دیاره‌، بێ ئه‌وه‌ى هیچ زانیارییه‌كمان له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ بداتێ یه‌كسه‌ر ده‌ڵێ ئه‌م رووداوه‌ بوختانه‌. سه‌ره‌تاو كۆتایى رووداوه‌كه‌ ره‌ت كراوه‌ته‌وه‌. لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئامانجه‌ى كه‌ موحه‌ممه‌د مه‌به‌ستێتى، ئه‌ویش ره‌تكردنه‌وه‌ى یه‌كله‌به‌رى رووداوه‌كه‌یه‌ و تاوانباركردنى چه‌ند كه‌سانێكیشه‌ به‌ دروستكردنى بوختانه‌كه‌. دوابه‌دواى ئه‌وه‌ش، به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌تى، سزایه‌كى سه‌خت بۆ دروستكه‌رانى بوختانه‌كه‌ دیاریده‌كات، به‌ شێوه‌یه‌كى گشتیش موسڵمانان تاوانبار ده‌كات و له‌ رێى قورئانه‌وه‌ داواى هه‌ڵوێستیان لێده‌كات. به‌ موسڵمانان ده‌ڵێت: (به‌بێ ئه‌وه‌ى ئاگادارى رووداوه‌كه‌ بن، ده‌ماوده‌م بوختانه‌كه‌تان گێڕاوه‌ته‌وه‌. ده‌بوو رووداوه‌كه‌تان به‌ راست نه‌زانیبایه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ سزا بدرێن، چونكه‌ بوختانێكى له‌و شێوه‌یه‌ به‌لاى خواوه‌ تا بڵێى گه‌وره‌یه‌.) به‌م جۆره‌ موحه‌ممه‌د سه‌رنجى موسڵمانان بۆلاى كێشه‌ى خۆیان راده‌كێشێت نه‌ك كێشه‌ى زیناى ژنه‌كه‌ى خۆى! بەڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌و ده‌مه‌دا نه‌یتوانیوه‌ سزاى گشت خه‌ڵكى بدات، باسى به‌زه‌یى خوایان بۆ ده‌كا و پێیان ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر ره‌حمى خوا نه‌بوایه‌ ئه‌وا دووچارى سزایه‌كى زۆر توند ده‌بوون.) بەڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بوختانچییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان چه‌ند دانه‌یه‌كن و دیارن، ده‌ڵێ: (له‌م سزایه‌ رزگاریان نابێت). جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سه‌ره‌كیترین كه‌سیش له‌ بوختانچییه‌كان عه‌بدوڵلێیه‌ و ئه‌م ناوبراوه‌ ئه‌ندامى هۆزێكى گه‌وره‌ى ناو مه‌دینه‌یه‌و پشتى ده‌گرن، ناتوانێت سزاى بدات. بۆیه‌ پاڵپشت به‌ قورئان، داوا له‌ بوختانچییه‌كان ده‌كات چوار شاهید ئاماده‌ بكه‌ن تا قسه‌كانیان بسه‌لمێنن. خۆ ئه‌گه‌ر چوار شاهید ئاماده‌ نه‌كه‌ن ئه‌وه‌ وه‌ك درۆزن ته‌ماشا ده‌كرێن. ئه‌گه‌ر جارێكى تر بوختانێكى له‌و شێوه‌یه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌ خوا لێیان نابورێت و كاره‌ساتێكى گه‌وره‌یان به‌سه‌ر ده‌هێنێت).

حوكمه‌كانى ئه‌م ئایه‌ته‌ تا بڵێى زۆرن. پوخته‌ى چیرۆكه‌كه‌ش پێمان ده‌ڵێت عائیشه‌ زیناى كردووه‌. ئه‌و پاساوانه‌ى عائیشه‌ بۆ نه‌كردنى زینا هێناونى، لاوازن. بۆ روونكردنه‌وه‌ و به‌ ئه‌نجام گه‌یشتنى ئه‌م راستیانه‌ پێویسته‌ چه‌ند لایه‌نێك روون بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ كات و شوێنه‌وه‌ هه‌یه‌:

سه‌رده‌مى رووداوه‌كه‌ هه‌زارو چوار سه‌د ساڵ زیاتره‌ و كاته‌كه‌ى شه‌وه‌، تاریكه‌، له‌باسكردنى رووداوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ روون نه‌كراوه‌ته‌وه‌ مانگه‌شه‌و بووه‌ یان..نا تا بتوانین به‌شێوه‌یه‌كى زانستى به‌رچاوروونى شه‌وه‌كه‌ دیارى بكه‌ین. كاته‌كه‌ى پشوودانى ئیمانداره‌كانى ئیسلامه‌، له‌ئه‌نجامى شه‌ڕو داگیركردن و قه‌تلوعامكردنى هۆزێك توشى هیلاكى و برسێتى هاتوون. له‌شوێنێكدا لایانداوه‌و بۆ ماوه‌یه‌كى كه‌م پشوو ده‌ده‌ن و به‌ره‌و شارى مه‌دینه‌ به‌رێده‌كه‌ونه‌وه‌.

شوێنه‌كه‌ش بیابانه‌. دوور له‌ ئاوه‌دانییه‌. وه‌ك هه‌موو ناوچه‌كانى دیكه‌ شوێنى ده‌ستبه‌ئاوگه‌یاندنى تێدا نییه‌. كاروان و جه‌نگاوه‌رانى سوپاى ئیسلام بلێوه‌یان كردووه‌. هه‌ر كۆمه‌ڵه‌و له‌ شوێنێكدا خه‌ریكى دابینكردنى خواردن و جێبه‌جێكردنى پێداویستییه‌كانیانن. به‌رنامه‌یان وایه‌ دواى خواردن و پشوودان خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌و به‌رێبكه‌ون.

دوو كه‌س له‌ سوپاكه‌ جێده‌مێنن و شانۆنامه‌یه‌ك بۆ مێژووى ئیسلام ده‌نوسنه‌وه‌. ئه‌كته‌ره‌كانى په‌رده‌ى یه‌كه‌مى ئه‌م شانۆییه‌ ته‌نها دوو قاره‌مانن، یه‌كێكیان كه‌سێكى ناودارى مێژووى ئیسلامه‌، كه‌ ئه‌ویش عائیشه‌ى ژنى موحه‌ممه‌ده‌، یه‌كێكى دیكه‌ش، كه‌ له‌مێژووى ئیسلامدا جگه‌ له‌ ده‌ورێكى كۆمبارس هیچ شتێكى دیكه‌ى لێ نه‌زانراوه‌. جگه‌ له‌م رووداوه‌ كه‌ كردییه‌ یه‌كێك له‌ ناوداره‌كانى مێژوو، شتێكى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر نه‌نوسراوه‌و سێ سه‌رگوزشته‌ى باوه‌ڕپێكراوى ئه‌م ناوبراوه‌ له‌په‌ڕتووكه‌ ناوداره‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كاندا نییه‌. شه‌ڕكه‌ر و موجاهیدو كاتب وه‌حى نه‌بووه‌. ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌ك پێش شه‌ڕى به‌نى موصته‌لیق، یان پێش شه‌ڕى خه‌نده‌ق بووه‌ته‌ موسڵمان. واته‌ چه‌ند ساڵێك دواى كۆچو هه‌رزه‌كاریش بووه‌!(٤)

به‌پێى ئه‌وه‌ى عائیشه‌ خۆى باسى ده‌كات صه‌فوان, كه‌ یه‌كێك ده‌بێت له‌و گه‌نجانه‌ى پێش ئه‌وه‌ى حیجاب به‌سه‌ر ژنه‌ ئازاده‌كانى موسڵماناندا بسه‌پێت، عائیشه‌ى دیوه‌. واته‌ به‌سه‌رو مل و شانى رووته‌وه‌ دیوێتى. هاتووچۆى ماڵیانى كردووه‌. وه‌ك موحه‌ممه‌د له‌ناو رووداوه‌كه‌دا باسى ده‌كات، خزمه‌تى ماڵه‌كه‌ى كردووه‌ و پێداویستییه‌كانى جێبه‌جێ كردووه‌.

صه‌فوان گه‌نجه(٥)و عائیشه‌ش كیژۆڵه‌یه‌كى كه‌م ته‌مه‌ن. صه‌فوان هه‌ژاره‌، بۆیه‌ خزمه‌تكاره‌. عائیشه‌ش له‌ صه‌فوان بچوكتره‌, ته‌مه‌نى له‌نێوان دوانزه‌ تا چوارده‌ سالێندایه‌. ژنى پادشایه‌كى رووله‌ده‌ره‌, مێرده‌كه‌ى پێشه‌وایه‌كه‌ به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ ته‌مه‌نى له‌ په‌نجاو حه‌وت ساڵ تێپه‌ڕى كردووه‌. جگه‌ له‌ ناسین و هاتوچۆكردنى له‌گه‌ڵ صه‌فواندا، په‌یوه‌ندییه‌كى کۆمەڵایه‌تى و خزمایه‌تى له‌ نێوانیاندا نییه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى صه‌فوان، له‌ رووى داراییه‌وه‌ هه‌ژاره‌، كه‌نیزه‌كى نه‌بووه‌و خزمه‌تكاریشى نه‌بووه‌، به‌ڵكو خۆى كۆیله‌و خۆى خزمه‌تكار بووه‌. گه‌نجێكى له‌م شێوه‌یه‌، له‌ ناو كۆمه‌ڵگایه‌كى گه‌رمنشینى پڕ له‌ سێكس و پڕ له‌ ده‌ستكه‌وتى كه‌نیزه‌ك، بێ سێكس ئاوێته‌ نابن.

عائیشه‌ ژنى كه‌سێكى پیره‌. مێرده‌كه‌ى، به‌ لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ له‌ یانزه‌ شه‌ودا یه‌ك جار یان دوو جار دێته‌ لاى و جووتبوونى سێكسى له‌گه‌ڵ ده‌كات. ئه‌ویش ئه‌گه‌ر واى دابنێین له‌و هه‌ژده‌ ژنه‌ى له‌به‌شى موحه‌ممه‌دو سێكسدا ژماردمانن كه‌مترى هێنابێت. كیژۆڵه‌یه‌كى گه‌نج، دوور له‌ هه‌موو كێشه‌یه‌كى ئابوورى و کۆمەڵایه‌تى, خزمه‌تكارى هه‌بووه‌ و به‌ فه‌رمانكردن كارى بۆ جێبه‌جێ بووه‌. بەڵام له‌ هه‌موو خۆشییه‌كانى ژیانى سێكسى دوور خراوه‌ته‌وه‌و حیجابى به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌, به‌ حوكمى ئیسلام, بۆ گۆڕه‌كه‌ى و ماڵى باوكى نه‌بێت, نابێت له‌ماڵه‌كه‌ى خۆى بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.

عائیشه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات له‌كاتى سه‌روبه‌ندى رۆشتندا بۆ ده‌ست به‌ئاوگه‌یاندن دوور كه‌وتووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش پاساوێكى لاوازه‌. ئایا له‌ شه‌وێكى تاریكدا ده‌هێنێت ئه‌وه‌نده‌ دوور بكه‌وێته‌وه‌؟ ئه‌ى ئه‌وه‌ چۆن بوو زۆرى پێچوو؟ ئایا ماوه‌ى ده‌ستبه‌ئاوگه‌یاندن زۆرتره‌ یاخود كۆكردنه‌وه‌ى شتومه‌كى سوپایه‌ك كه‌ چه‌ندین ولێخ و حوشترى بارهه‌ڵگرى تێدا بووه‌؟

ئه‌ى ئه‌و هه‌موو پاكانه‌یه‌ چییه‌ عائیشه‌ بۆ خۆى ده‌یكات: (كه‌ژاوه‌كه‌ له‌ حوشتره‌كه‌ باركرابوو، كه‌وتبوونه‌ڕێ، وایان زانیبوو منى تێدام. له‌و كاته‌دا ژنان كێشیان سووك بوو، لاواز بوون و گۆشتن نه‌بوون، منیش منداڵ و بچووك بووم. كاتێك كه‌ژاوه‌كه‌م ده‌خه‌نه‌ سه‌ر حوشتره‌كه‌، وایانزانیبوو منى تێدام. یه‌ك وشه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ صه‌فوان نه‌كردووه‌.) گه‌ر یه‌كێك به‌رگرى له‌خۆى بكات, به‌ڵگه‌ ده‌خاته‌ روو یاخود پاكانه‌ بۆ خۆى ده‌كات؟؟.

دواتر باسى بزربوونى ملوانكه‌یه‌كمان بۆ ده‌كات. ئه‌م پاساوه‌ش لاوازه‌. مێژوونووسانى ئیسلام باسى هه‌ژارى و نه‌دارى ژنانى موحه‌ممه‌دى ئیسلاممان بۆ ده‌كه‌ن به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌گه‌ڵ موسڵماناندا یه‌كسان بوون و بارى داراییان له‌ لێوارى برسێتیدا بووه‌. ئه‌م ملوانكه‌یه‌ چیى بوو له‌م چیرۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت؟ ئه‌و رێكه‌وته‌ چى بوو عائیشه‌ ملوانكه‌كه‌ى ون بكات؟ یاخود ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى ملوانكه‌كه‌ بۆ؟

عائیشه‌ كه‌ژاوه‌ى هه‌بووه‌. خزمه‌تكاره‌كانى، به‌تایبه‌تى كه‌نیزه‌كه‌كانى خۆى، له‌كاتى چاكردن و باركردنى كه‌ژاوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ چۆن بوو نه‌یانزانى عائیشه‌ى تێدایه‌ یان نا؟ ئه‌و رێكه‌وته‌ چۆن لێكبده‌ینه‌وه‌ كه‌ژاوه‌كه‌ى بخرێته‌ سه‌ر حوشتره‌كه‌ى بێئه‌وه‌ى ئاگایان له‌ عائیشه‌ بێت؟!

ئه‌وه‌ چۆن بوو صه‌فوانیش له‌ كاروانه‌كه‌ به‌جێ مابوو؟ بۆ صه‌فوان بوو، كه‌ پێشتر هاتووچۆى عائیشه‌ى كردووه‌، بۆ موسڵمانێكى تر نه‌بوو؟ ئه‌و پاساوه‌ نالۆژیكییه‌ چییه‌ كه‌ ده‌ڵێن بۆ كۆكردنه‌وه‌ى كه‌لوپه‌له‌ به‌جێماوه‌كان مابووه‌وه‌؟ بۆ له‌ رووداوه‌كانى تردا باسى به‌جێمانى صه‌فوان نه‌كراوه‌؟ ئه‌م كه‌سه‌ نه‌ناسراوه‌, كه‌ تازه‌ موسڵمان بووه‌, چی بوو وا كردیانه‌ موجاهیدێكى متمانه‌پێكراوى ناودارى مێژووى ئیسلام؟ ئه‌ى ئه‌وه‌ چۆن بوو موحه‌ممه‌د عائیشه‌ى له‌بیرچوو بوو؟ ئایا سه‌ركرده‌، به‌شێك له‌ ژیانى خۆى، هاوسه‌رى خۆى، خۆشه‌ویستترین ژنى خۆى له‌بیر ده‌كات؟)

 بۆ تەواوبوونی ئەم بەشە بڕوانە بەشی دووهەم

 

 

سەرچاوەکان

١ بۆ تەواوی ئەم ڕووداوە بڕوانە هەردوو صەحیحیەکەی بوخاری و موسلیم: صحيح البخاري، كتاب الشهادات، باب تعديل النساء بعضهن بعضا. حديث2518 صحيح المسلم. كتاب التوبة، باب في حديث الإفك وقبول توبة القاذف. حديث2770

٢   بڕوانە سيرة ابن هشام ، الجزء الثاني في مسألة الافك، هەروەها بڕوانە ابن الاثير، أسد الغابة في معرفة الصحابة، باب، الصّاد والألِف ذكر، صفوان بن المعطّل.

٣  بۆ بەڵگە بڕوانە هذه العشر آيات كلها نزلت في شأن عائشة, تفسير ابن كثير, النور11  سبب نزولها ما رواه الأئمة من حديث الإفك الطويل في قصة عائشة. تفسير القرطبي: النور11-22  الّذِينَ جاءُوا بـالإفْكِ عُصْبَةٌ مِنْكُمْ الذين قالوا لعائشة الإفك والبهتان. تفسير الطبري, النور11

٤  ابن الاثير، أسد الغابة في معرفة الصحابة، باب، الصّاد والألِف ذكر، صفوان بن المعطّل.

٥  (دەڵێن لەئەنجامی کاریگەریی برینداربوونیدا، ساڵی پەنجاو هەشتی کۆچی، مردووە، بڕوانە ابن الاثير، أسد الغابة في معرفة الصحابة، باب، الصّاد والألِف ذكر، صفوان بن المعطّل)
ڕێکه‌وتی بڵاوکردنه‌وه 2011-09-12 14:47:00
به‌شی ( ڕاپۆرت و لێکۆڵینه‌وه ) ئاماده‌کرد ( نوسینی مەریوان هەڵەبجەیی )



گه‌ر, موحه‌ممه‌د, بیزانیبایه‌, قسه‌كردنى, ئایینى, له‌سه‌ر, سێكس, هێنده‌, ئاڵۆزه‌, به‌تایبه‌تى, كه‌, شاره‌زایى, لێى, نییه‌, نه‌یده‌كرده‌, كێنوسینی, مەریوان, هەڵەبجەییچیرۆکی, ڕاستەقینەی, زیناکەی, عایشە Tags





په‌خشی ده‌نگی ئازاد


مه‌ریوان هه‌له‌بجه‌یی
زنجیره‌ به‌رنامه‌ی ئاوێنه.
ڕۆژی 08/17/2017
کاتژمێر 21:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
فاتیح محمود احمد چیرۆکێکی تری محمد
ڕۆژی 08/11/2017
کاتژمێر 23:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
مێژوە خوێناویەکەی قورئان و محمد
ڕۆژی 08/09/2017
کاتژمێر 22:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا