مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی : په‌رله‌مان و یاساکانی ئازادیی بیروڕا

 

فاروق ڕه‌فیق و سیروان عه‌بدول، ده‌رباره‌ی یاساکانی سوکایەتیی له‌ ئازادیی بیروڕادا، کۆمه‌ڵێک خاڵی ته‌واو هه‌ستیاری وردیان نوسیوه‌، له‌به‌شێکی باشی مه‌سه‌له‌که‌ دواون، چ وه‌ک گوتارێکی مه‌عریفی و چ وه‌ک شاره‌زایه‌ک به‌ یاساو دیباجه‌ جیهانیه‌کانی پرۆسه‌ی به‌ ئازادبوون وڕزگاربوون له‌ پیرۆزییه‌کان ڕۆشنایی یاسایی و هه‌ندێک سه‌رنجی زۆر باشیان نوسیوه‌. ئه‌گه‌رچی له‌هه‌ندێک په‌ره‌گرافدا به‌ته‌واوی دیاربوو که‌کامیان نوسیویانه‌، ئه‌مه‌ش دوو شێوه‌ ده‌ربڕینی بۆ ئێمه‌ هه‌بوو، به‌ڵام له‌سه‌لیقه‌یی و وردبینیی ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی ئه‌وانی که‌م نه‌کردوه‌ته‌وه‌و به‌باشی مه‌سه‌له‌که‌یان شڵه‌ژاندووه‌، گرنگه‌ به‌م وێنه‌ نوێیه‌ مشتومڕێکی گرنگ، له‌زه‌مان و مه‌کانی خۆیدا، وه‌ک کرده‌یه‌کی پێویست بیهه‌ژێنین.! ده‌ستخۆشی و پشتیوانیان لێ ده‌که‌م، له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندام ته‌نها له‌ دوو دێردا نه‌بێت که‌من ده‌مه‌وێت تیشکی بخه‌مه‌سه‌ر:

 

ئه‌وان له‌و دوو دێڕه‌دا نوسیویانه‌: ئەوەی ئێمە سەرقاڵ دەکات و نیگەرانیی گەورەی لا دروست کردووین ئەو نیازە خەتەرناکەی حکومەتە کە دەیەوێت بەم زووە یاسایەک بۆ پاراستنی پیرۆزییە ئاینییەكان لە پەرلەمان ڕەسمییەت پێبدات.ئێمە تێبینیی دەکەین کە لەناو ئەو دێباتەدا کە بەدەوری ئەم نیازەی حکومەتدا دەکرێت، تێکەڵکردنێک و ناڕۆشنییەکی زۆر هەیە سەبارەت بە پلەی خەتەرناکیی یاسایەکی لەو جۆرە و سەبارەت بە هۆکاری ڕازینەبوونی لایەنگرانی ئازادیی بیروڕا بە دەرکردنی یاسایەکی وا. ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین هەندێک لەو سەرەداوانە بێنینەوە سەریەک، بەو هیوایەی سەرۆکی حکومەت ببینێت کە لەپێناو بردنەپێشەوەی بەرژەوەندییەکانی حیزبدا، خەریکە لەئاست دۆزی دیموکراسییەت ومافی مرۆڤ لە کوردستاندا یاریی بە چی ئاگرێک دەکات.

 

ئه‌م دێڕانه‌ وای له‌من کرد جارێکی دی گوێبیستی داواکه‌ی سه‌رۆکی حکومه‌ت ببمه‌وه‌، به‌ڵام تێنه‌گه‌یشتم بۆ ئه‌وان داواکه‌یه‌کی له‌و شێوه‌یه‌ به‌ خه‌ته‌رناک ده‌بینن.! که‌ ده‌خوازرێت هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ قسه‌کردنی سه‌رۆکی حکومه‌ت به‌ڕه‌شی نه‌بینین و به‌شێوه‌یه‌ک ته‌ماشای نه‌که‌ین که‌ بۆ ته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادییه‌کانه‌. چونکه‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌و له‌ یاساکانی سزادانی چ عێراقی و چ کوردستانی هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا یاسایه‌کی له‌و جۆره‌ شک نابه‌ین که‌ بۆ تۆزقاڵێکیش به‌رگری له‌ئازادیی بیروڕا بکات.! یه‌ک ماده‌و یه‌ک بڕگه‌ نادۆزینه‌وه‌ که‌ پشتی کردبێته‌ پیرۆزیه‌کان و پشتگیری له‌ شێوازه‌کانی ده‌ربڕین بکات.! ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و نییه‌ یاسای ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ که‌ناتوانین وه‌ک یاسایه‌کی بنه‌ڕه‌تی و سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌م ڕه‌هه‌نده‌ی ئێمه‌ ته‌ماشای بکه‌ین.، ئیتر هه‌ر هه‌موو یاساکان به‌رگری و پاڵپشتی له‌ دین و سیسته‌می تۆتالیتاری ده‌که‌ن، ده‌توانین چه‌ندین یاسا بدۆزینه‌وه‌ که‌ ئازادیی بیروڕا ڕوبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌قینه‌ ده‌ه‌که‌نه‌وه‌‌.! ئیتر ئه‌م ترسه‌ گه‌وره‌یه‌ چییه‌ بۆمان هه‌ر له‌خۆڕا له‌ ناواخنی داواکه‌ی ئه‌ودا  بۆمان دروست بووه‌.؟؟

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بڕوانینه‌ یاسای کۆمه‌ڵگا دیموکراتیه‌کان، بێگوومان کۆمه‌ڵێک ماده‌و بڕگه‌ی یاسایی ده‌بینینه‌وه‌ که‌بۆ ئازادیی بیروڕا به‌که‌ڵک بن، به‌ڵام له‌مسه‌ری نزیکه‌وه‌ تا ئه‌سه‌ری دوور له‌یاسای سزادانی عێراقی و کوردستانیدا بگه‌ڕێین یه‌ک ماده‌و بڕگه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ نابینینه‌وه‌، ته‌نانه‌ت یاسایه‌ک شک نابه‌ین که‌ ئه‌م مشتومڕه‌ یه‌کلایی بکاته‌وه‌و هیوابه‌خشێک بێت بۆ ئاینده‌. ئێ خۆ ده‌بێت کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش، وه‌ک یه‌کێک له‌ وڵاته‌ ئازادو دیموکراتیه‌کانی جیهان، هه‌ندێک ماده‌ی یاسایی هه‌بێت.!

ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وه‌ حکومه‌ت نییه‌ یاسا داده‌ڕێژێت، به‌ڵکو حکومه‌ت وه‌ک ئامڕازێک به‌کار ده‌هێنرێت بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و یاسایانه‌ی که‌ له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕوی ده‌کرێنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی یاسا داده‌ڕێژێت په‌رله‌مانه‌، په‌رله‌مانیش ده‌زگایه‌که‌ که‌ هه‌ڵبژاردن دروستی ده‌کات و ده‌یکاته‌ دامه‌زراوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی بۆ یاسادانان. که‌واته‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ هیچ یاسایه‌ک بۆ پاڵپشتی له‌ ئازادیی بیروڕا نییه‌و که‌سیش گوێبیستی هاواری ئێمه‌ نه‌بووه‌، لێره‌دا ئه‌م داوایه‌ی حکومه‌ت جێی بایه‌خ و سه‌رنجه‌، ئێستا ئه‌وکاته‌یه‌ که‌ ده‌بێت هه‌موومان کاری جدیی بۆ بکه‌ین که‌به‌سوود بۆ کرانه‌وه‌و به‌مۆدێرنه‌کردنی کۆمه‌ڵگا بگه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌ خه‌ته‌ر نییه‌ که‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت داوای کردووه‌ به‌ڵکو له‌ناو ئه‌م هه‌موو مشتومڕه‌دا ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ خه‌ته‌ره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێت داواکه‌ی سه‌رۆکی حکومه‌ت له‌ په‌رله‌ماندا چ ئاراسته‌یه‌ک وه‌رده‌گرێت، چ یاسایه‌کی لێ به‌رهه‌م دێت و ئه‌نجامه‌که‌ی به‌کوێ ده‌گات.! با گرنگی به‌وه‌ نه‌ده‌ین که‌ ناوی چییه‌و کێ داوای ده‌کات، به‌ڵکو ئه‌وه‌مان به‌لاوه‌ گرنگ بێت که‌ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی چی و چۆن ده‌بێت و کێن ئه‌وانه‌ی یاساکه‌ داده‌ڕێژن.!

 

هه‌ندێکمان ئه‌وه‌ ده‌زانین که‌ هه‌ردوو ده‌زگای په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، که‌ دوو ده‌زگای یاسایی و جێبه‌جێکاری فه‌رمیین له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، سه‌ره‌تاکانی له‌ناو ته‌نگه‌ژه‌ سیاسیه‌کاندا وه‌ک زه‌روره‌تێکی مێژوویی و خواستێکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌رکه‌وتوون، ئێستاش به‌هۆی تێپه‌ڕبوونی به‌ناو پرۆسه‌یه‌کی دیموکراتیه‌کی ناچارکراودا گه‌شه‌یان کردووه‌و به‌شێکن له‌ ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و ئایدۆلۆژی کۆمه‌ڵگاکه‌مان و ته‌نانه‌ت له‌ زۆر جاریشدا ده‌بنه‌ وته‌بێژو بڕیارده‌ری بواره‌ زانستی و مه‌عریفیه‌کانیش. کاتێکی زۆر نیه‌ که‌ ده‌روازه‌کانی ئه‌م دامه‌زراوانه‌ به‌ڕووی کۆمه‌ڵگادا کراونه‌ته‌وه‌، ده‌نا له‌وه‌ته‌ی دروست بوون چ وه‌ک دامه‌زراوه‌و چ وه‌ک پێکهاته‌ ئیداریه‌که‌ی داخراو بوون. ئه‌مه‌یه‌ خه‌ته‌ره‌که‌.! ئێمه‌ په‌رله‌مانێکمان هه‌یه‌ که‌ به‌هۆی کاریگه‌ری لایه‌نگیریی حزبه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراون نه‌ک له‌لایه‌ن تاکی هوشیارو ڕێکخراوه‌ پێشه‌یی و دیموکراتی و جه‌ماوه‌ریه‌کانه‌وه‌.! شاره‌زاو به‌ئه‌زموونی کاروباری ناو حزبن نه‌ک یاسا.! ئه‌ندامانی ئه‌م په‌رله‌مانه‌ کۆمه‌ڵێک مرۆڤن که بیرکردنه‌وه‌یان سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رهه‌می ژینگه‌که‌ی خۆیان و ناتوانن ببنه‌ به‌شێک له‌ده‌ره‌وه‌ی کلتوورو نه‌رێته‌ باوه‌کان.! زۆرینه‌شیان فڕیان به‌ یاسا نێو ده‌وڵه‌تیه‌کانه‌وه‌‌ نییه‌ به‌ڵکو به‌پێچوانه‌وه‌ له‌ ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیاندا به‌شێکی سه‌ره‌کین له‌ بره‌ودان به‌ شه‌ریعه‌ته‌کانی دین.!! وه‌ک پێشتر باسمان کرد ئه‌مه‌ خه‌ته‌ره‌که‌یه‌..!

وا ده‌خوازێت که‌ له‌ناو ئه‌م پرۆسانه‌دا ئێمه‌ ته‌نها به‌ کاری که‌مپین و ده‌رخستنی ناڕه‌زایه‌تیه‌وه‌ خۆمان سه‌رقاڵ نه‌که‌ین و کارێک بکه‌ین چ وه‌ک جه‌سته‌و چ وه‌ک فکر له‌کاتی داڕشتنی یاساکه‌دا بوونمان هه‌بێت. ئه‌مه‌ کێشه‌ی لاوه‌کی نییه‌و مه‌سه‌له‌یه‌کی ته‌واو گرنگه‌ چونکه‌ دوای داڕشتنی یاساکه‌ دواتر ده‌چێته‌ ناو ڕه‌شنوسه‌ ده‌ستوریه‌که‌وه‌و ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت. نابێت خۆمان سه‌رقاڵی هه‌ندێک بواری لاوه‌کی و ناکۆکیی فکری بکه‌ین و پێویسته‌ هه‌موومان، به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانمانه‌وه‌، به‌هه‌موو فه‌رهه‌نگ و لۆژیکمانه‌وه‌ قورسایی خۆمان له‌و دیباجه‌یه‌دا ده‌رخه‌ین و ئه‌م نوسینه‌ی ڕه‌فیق و سیروان بکه‌ینه‌ ڕه‌شنوس و بنه‌ما بۆ یاساکه‌. نابێت بهێڵین ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان، وه‌ک هه‌ندێک یاسای تر، به‌سه‌ر ئه‌مه‌شدا تێپه‌ڕ ببن، به‌ڵکو ده‌بێت له‌و شوێنه‌دا بین که‌پێویسته‌ تێیدا بین، له‌گه‌ڵ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کاندا بیر بکه‌ینه‌وه‌و بڕیار بده‌ین. به‌ڵێ بۆ دانان و نوسینه‌وه‌ی یاسایه‌ک تا ببێته‌ له‌مپه‌ڕ له‌به‌رده‌م پیاوانی ئاییندا که‌چیتر درێژه‌ به‌م خوێنڕشتنه‌ نه‌درێت که‌به‌ناوی موقه‌دده‌سه‌وه‌ له‌ئارادایه‌.

 

ڕێکه‌وتی بڵاوکردنه‌وه 2012-06-07 13:51:00
به‌شی ( مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی ) ئاماده‌کرد ( مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی )



فاروق, ڕه‌فیق, و, سیروان, عه‌بدول, ده‌رباره‌ی, یاساکانی, سوکایەتیی, له‌, ئازادیی, بیروڕادا, کۆمه‌ڵێک, خاڵی, ته‌واو, هه‌ستیاری, وردیان, نوسیوه‌, لمه‌ریوان, هه‌ڵه‌بجه‌ییمه‌ریوان, هه‌ڵه‌بجه‌یی, , په‌رله‌مان, و, یاساکانی, ئازادیی, بیروڕا Tags





په‌خشی ده‌نگی ئازاد


مه‌ریوان هه‌له‌بجه‌یی
زنجیره‌ به‌رنامه‌ی ئاوێنه.
ڕۆژی 08/17/2017
کاتژمێر 21:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
فاتیح محمود احمد چیرۆکێکی تری محمد
ڕۆژی 08/11/2017
کاتژمێر 23:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
مێژوە خوێناویەکەی قورئان و محمد
ڕۆژی 08/09/2017
کاتژمێر 22:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا