كوا یاسایه‌ك بۆ سوكایه‌تیه‌كانی ئیسلام به‌ مرۆڤایه‌تی؟

 كوا یاسایه‌ك بۆ سوكایه‌تیه‌كانی ئیسلام  به‌ مرۆڤایه‌تی؟

 ئارام جه‌لال


 ده‌بێت ئێمه‌ له‌وه‌ تێبگه‌ین ئاینی ئیسلام شتێك نیه‌ كه‌ یاسا بۆ پاراستنی پیرۆزیه‌كانی ده‌ر بكرێت، چونكه‌ ئاینی ئیسلام ئاینێكه‌ ده‌م له‌ فیكرو جه‌ده‌ل و بانگه‌واز ده‌كوتێ، ئاینێكه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یدا هه‌میشه‌ به‌ركه‌وتنی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌دا. وه‌ ئه‌م ئاینه‌ هه‌میشه‌ كاری كردووه‌ بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بیروڕاكانی تر جا ئه‌و بیروڕایانه‌ ئاسمانی بن یان زه‌مینی، به‌و پێیه‌ی ئاینی ئیسلام خۆی به‌ حه‌قی ره‌ها ده‌زانێت و هه‌مو ئاین و بیروراكانی تریش به‌ باتیل و ناراست ناو ده‌بات، وه‌ختێك ده‌كرێت یاسا بۆ پاراستنی شتگه‌لێك دابنرێت كه‌ خودی ئه‌و شتگه‌له‌ خۆی هه‌ڵی نه‌كوتابێته‌ سه‌ر بیروراكانی تر، من ده‌مه‌وێت هه‌ندێك شت بخه‌مه‌ ڕوو له‌ باره‌ی ئیسلامه‌وه‌ كه‌ خۆی بۆته‌ هانده‌ری سه‌ره‌كی كه‌ سوكایه‌تی پێ بكرێت، په‌ندێكی كوردی هه‌یه‌ ئه‌ڵێت (كه‌ خۆتا ماڵت له‌ شوشه‌بێت به‌رد مه‌گره‌ ماڵی خه‌ڵكی)، هۆكاری سه‌ره‌كی هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیسلام خودی قورئان و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یی و پێشه‌واكانی خۆیانن، گه‌ر قورئان بخوێنیته‌وه‌ چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌و تێكستی نامۆ به‌دی ده‌كه‌یت، یه‌كێك له‌وانه‌ كه‌ ئیسلام هه‌میشه‌ جگه‌ له‌ خۆی به‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی ده‌ڵێت گومڕاو سه‌ر لێشێواو، ئایا كه‌سی به‌رامبه‌ر كه‌ مسوڵمان نیه‌ مافی خۆی نیه‌ كه‌ به‌رگری له‌ خۆی بكات و بڵێت من گومڕاو سه‌ر لێشێواو نیم؟.

كاتێك كه‌ تۆ بته‌وێت نا گومڕایی خۆت بسه‌لمێنی له‌وكاته‌دا پێویستت به‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ ئه‌و بنه‌مایانه‌ به‌تاڵ بكه‌یته‌وه‌ كه‌ ئیسلام تۆی پێ تاوانبار ئه‌كات به‌ گومڕایی، وه‌ به‌ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی بۆچونه‌كانی ئیسلامیش تۆ ناچاری هێرش بكه‌یته‌ سه‌ر ئیسلام و پارێزگاری له‌ نا گومڕایی خۆت بكه‌ی، هه‌میشه‌ خه‌ڵكانی نا مسوڵمان بوون له‌ هێڵی به‌رگری كردندا بوون له‌ خۆیان چونكه‌ ئیسلام هێرشی كردۆته‌ سه‌ریان و ئه‌وانیش به‌رپه‌رچی تۆمه‌ته‌كانی ئیسلامیان داوه‌ته‌وه‌، وا ئیستا به‌و یاسایه‌ نایانه‌وێت ته‌نانه‌ت به‌رگریش له‌ خۆیان بكه‌ن.

گه‌ر یاسایه‌ك پێویستبێت ئێستا هه‌بێت یاسایه‌كه‌ بۆ پارێزگاری كردن له‌ نا مسوڵمانه‌كان له‌ هێرش و سوكایه‌تیه‌كانی مسوڵمانان و قورئان و ئاینی ئیسلام.

ئیسلام خۆی به‌ په‌یامێكی خودایی و فیكری ناوزه‌ند كردووه‌ وه‌ختێك تۆ وه‌ك فیكرێك دێیته‌ به‌رچاو كه‌واته‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ فیكری پێچه‌وانه‌ی تۆن بۆ پارێزگاری له‌ فیكری  خۆیان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ قسه‌ له‌سه‌ر خراپیه‌كانی ئیسلام بكه‌ن وه‌ك چۆن ئیسلام مافی داوه‌ به‌ خۆی قسه‌ له‌سه‌ر خراپی و پوچه‌ڵی بیروراكانی تربكات،

گه‌ر بێت و من كه‌سێكی ماركسی بم ئایا مافی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ بڵێم هه‌ر مه‌لایه‌ك قسه‌ له‌سه‌ر ماركسیزم بكات ده‌بێت بدرێته‌ دادگا چونكه‌ ئه‌وه‌ پیرۆزیه‌كانی منه‌ یاخود گه‌ر كه‌سێكی داروینی بم ده‌كرێت قورئان بده‌مه‌ دادگا كه‌ ئه‌و جیاواز له‌ بیرو ڕای من قسه‌ له‌سه‌ر دروستبوونی كه‌ون و بوونه‌وه‌ر ده‌كات؟ یاخود داوا بكه‌م كتێبه‌كه‌ی شاره‌زووری (داروین له‌ته‌رازوی ژیریدا) كۆبكرێته‌وه‌و بسوتێنرێت و هه‌موو ئه‌و كتێبخانانه‌ش‌ سزا بدرێن كه‌ ئه‌و كتێبه‌یان فرۆشتووه؟

‌ ئێستا شاره‌زوری له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌ ده‌كرێت داوا بكه‌م به‌ غائبی دادگایی بكرێت؟ چونكه‌ من مافی خۆمه‌و ئه‌و له‌ كتێبه‌كه‌یدا داروین یه‌كانی به‌ بێ عه‌قڵ ناو بردووه‌و هه‌موویانی داوه‌ له‌ ته‌رازی ژیری و هه‌مویان له‌و ته‌رازوه‌دا بێ ژیری هاتونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

زۆر ئاسانه‌ ده‌توانیت بچیت كتێبخانه‌ ئیسلامیه‌كان بگه‌رێیت كه‌ لێوان لێون له‌ كتێبانێك سوكایه‌تی به‌ بیرو راكانی تر ئه‌كه‌ن و هه‌موی به‌ هه‌ڵه‌ ناو ئه‌به‌ن، چونكه‌ خودی ئیسلام له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بنیات نراوه‌ كه‌ خه‌ڵكانی تر به‌ ناڕاست و گه‌مژه‌ بزانێت.

ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌ زانا ئیسلامیه‌كان و ته‌فسیره‌كان رایان وایه‌ ئه‌وه‌ی مسوڵمان نه‌بێت بێ ڕه‌وشته‌ به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی له‌ قورئانا به‌ محمد ئه‌ڵێت (أنك لعلی خلق عظیم) تۆ له‌سه‌ر ره‌وشتێكی به‌رزیت، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی دوای ڕێبازه‌كه‌ی ئه‌و نه‌كه‌وێت ره‌وشتی نزمی هه‌یه، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و لێشاوه‌ سوكایه‌تیه‌ی له‌ ئیسلامدا به‌ ژنان ده‌كرێت و ده‌ چوێنرێن به‌ سه‌گ و ئه‌سپ و كه‌ر و هتد...جگه‌ له‌ ژنانی نا مسوڵمان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌یری فیقهی ئیسلامی بكه‌ین ژنی مسوڵمانیش سوكایه‌تی پێ ده‌كرێت و  ده‌بێت له‌ كاتی نوێژدا وه‌ك و سه‌گ بچێته‌ سوجده‌ و ده‌ستی تا ئه‌نیشكی له‌ سه‌ر زه‌وی بێت به‌ڵام پیاو نابێ وه‌ك و سه‌گبێت ته‌نیا ده‌ستی له‌ زه‌وی دا ئه‌نێت‌، ده‌كرێت ئێستا ئه‌وانه‌ی بروایان به‌ ئیسلام نیه‌ داوا بكه‌ن ئه‌و ئایه‌ته‌ی قورئان لا ببرێت؟ هیچ نا داوا بكه‌ین ئیدی مسوڵمانان ئه‌و سوكایه‌تیانه‌ی قورئان كردویه‌تی نه‌یكه‌نه‌وه‌.

من نامه‌وێت بكه‌ومه‌ ناو ئه‌و نموونانه‌ی كه‌ قورئان چۆن جنێو به‌ خه‌ڵكی نا مسوڵمان ئه‌دات و سوكایه‌تیان پێ ده‌كات به‌وه‌ی كه‌ (بێ عه‌قڵ، سوك و رسوا، زۆڵ و باوك نادیار، وه‌ك سه‌گ، وه‌ك كه‌ری بارهه‌ڵگر،  وه‌ك كه‌ری راكردوو له‌ ده‌ستی شێر)ن، چونكه‌ پێشوتر له‌ وتارێكدا به‌ ناوی (زمانی جنێودان له‌ قورئاندا) باسمكردون.

ئه‌م یاسایه‌ هێنده‌ جێگای سه‌ر سوڕمانه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ دێته‌ پێشچاوم كه‌ ئێستا له‌ ئه‌وروپادا یاسایه‌ك ده‌ربچێت بڵێت ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر خراپی هێتله‌ر بكات ده‌درێته‌ دادگا!!!!

كه‌واته‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ی نا مسوڵمانین مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه‌ ئیسلام تیای باڵاده‌سته‌ داوای پارێزگاری مافی خۆمان بكه‌ین له‌ سوكایه‌تیه‌كانی ناو قورئان، بۆیه‌ من یه‌كه‌مین كه‌سێكم ئاماده‌م سكاڵا تۆمار بكه‌م دژ به‌ سوكایه‌تی قورئان و پێشه‌واكانی دین.

له‌ هه‌موو شوێنێكی دنیادا كه‌مینه‌كانن مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ یاسایه‌ك هه‌بێت بۆ پارێزگاری كردنیان نه‌ك زۆرینه‌، له‌ شوێنێكی وه‌ك كوردستاندا كه‌ به‌ وته‌ی لایه‌نه‌ ئاینیه‌كان وا هه‌ژمارده‌كرێت 95 % ی مسوڵمانه‌، ئیدی ئاشكرایه‌ ئه‌وه‌ كه‌مینه‌كانن كه‌ پێویستیان به‌ یاساو پارێزگاری هه‌یه‌ به‌ درێژایی مێژووی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌ خه‌ڵكانی نا مسوڵمانبوون له‌ ژێر چه‌قۆی مسوڵمانه‌كان رایان كردووه‌.

جێگای شه‌رمه‌زاریه‌ بۆ په‌رله‌مان و وڵاتێك له‌م سه‌رده‌مه‌دا یاسایه‌كی له‌و جۆره‌ پێشنیار ئه‌كات له‌ كاتێكدا له‌ وڵاتانی پیشكه‌وتودا دین بۆته‌ بابه‌تی تاكه‌ كه‌سی و دینه‌كان خراونه‌ته‌وه‌ ناو دڵی مرۆڤه‌كان جیاواز له‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی كه‌ دین ده‌كاته‌ شمشێر به‌ده‌ست و كه‌س ناتوانێت له‌ به‌رامبه‌ر دیندا بڵێت من بێ ئاینم.

پی ئه‌چێت ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی و تۆتالیتاری كوردی گه‌یشتبێته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ (ئاین تلیاكی گه‌لانه‌) بۆیه‌ ده‌یه‌وێت گه‌ل بۆ  چه‌ندین ده‌یه‌ی تر به‌و تلیاكه‌ بێ هۆش بكات.

[email protected]
ڕێکه‌وتی بڵاوکردنه‌وه 2012-10-12 05:01:00
به‌شی ( ئارام جه‌لال ) ئاماده‌کرد ( ئارام جه‌لال )



ده‌بێت, ئێمه‌, له‌وه‌, تێبگه‌ین, ئاینی, ئیسلام, شتێك, نیه‌, كه‌, یاسا, بۆ, پاراستنی, پیرۆزیه‌كانی, ده‌ر, بكرێت, چونكه‌, ئاینی, ئیسلام, ئاینێكه‌, ده‌, ئارام, جه‌لالكوا, یاسایه‌ك, بۆ, سوكایه‌تیه‌كانی, ئیسلام, به‌, مرۆڤایه‌تی Tags





په‌خشی ده‌نگی ئازاد


مه‌ریوان هه‌له‌بجه‌یی
زنجیره‌ به‌رنامه‌ی ئاوێنه.
ڕۆژی 08/17/2017
کاتژمێر 21:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
فاتیح محمود احمد چیرۆکێکی تری محمد
ڕۆژی 08/11/2017
کاتژمێر 23:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
مێژوە خوێناویەکەی قورئان و محمد
ڕۆژی 08/09/2017
کاتژمێر 22:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا