گوڵاڵە کەمانگەر: مزگەوت بنکەیەک بۆ تێکدانی رەوشی دیموکراسی و هەستی نەتەوەیی کورد


مزگەوت بنکەیەک بۆ تێکدانی رەوشی دیموکراسی و هەستی نەتەوەیی کورد


لە ناوچەی گەرمیانی کوردستان دا هێرش دەکرێتە سەر گەنجێکی کورد و سکاڵا بە دژی تۆمار دەکرێ و تەنانەت رەوانەی زیندانیش دەکرێ. تاوانەکەش تەنیا لایک کردنی لاپەڕەیەکی فەیسبووکە کە بە دژی محمد پێغەمبەری موسڵمانانە!
هاوکات لە گەڵ ئەوە وتەکانی مەلا مەزهەر بڵاو دەبێتەوە کە خاک و وڵات و نیشتمانی کوردستانی دەکاتە قوربانی پێڵاوەکانی عومەری کوڕی خەتاب و پاش چەند رۆژ لە بەرەبەرەی نەورۆزدا مەلایەکی دیکە واتە مەلا عەبدولسەمەد هەموو خەڵکی کوردستان بە بۆنەی جێژنی نەورۆز تەکفیر دەکات و خوێنیان بە حەڵال دەزانێ
هاوکات بوونی ئەم رووداوگەلە وا دەکات بە جیدی بۆ دیموکراسی و هەروەها بوونی نەتەوەیی کورد نیگەران بین و بە خۆماندا وەکوو کورد و وەکوو نەتەوە بچینەوە، بارۆدۆخی ئەمڕۆی خۆمان و حکومەتێک کە تەنیا حکومەتی کوردیە سەرلەنوێ چاو لێبکەین و بزانین بە راستی لە کاتی وەدەست هاتنی ئەم حکومەتە هەتاکو ئێستا فەرهەنگی نەتەوەییمان بەرەو چ ئاقارێک روشتوەو و حکومەت وەکوو یەکێک کە کۆڵەکە سەرەکیەکانی بیچم گرتن و بتەو بوونی پێناسەی نەتەوەیی چ رۆڵێکی گێڕاوە و تا چ رادە توانیویە خەڵک بەرەو ئازادی و بیری دیموکراسی و لە هەمان کاتدا پاراستنی فەرهەنگی کوردی هان بدات.
خەڵکی کوردیش وەکوو سەرێکی دیکەی ئەم پەتە چۆن بۆ پرسی نەتەوەیی روانیویانە و تا چەند توانیویانە بۆ دەستەبەر بوونی دیموکراسی زیاتر و ئازادی رادەربڕین و پەرەدان بە ژیانێکی شاد و مرۆییانە، زەختی زیاتر بخاتە سەر حکومەت و کۆمەڵگا بەرەو گەشە و پێشکەوتن ببات.
ئەوەی کە لە کوردستانی ئەم رۆژانەدا دەیبینین بە داخەوە نە تەنیا رەنگی پێشکەوتن و گەشەی فەرهەنگی پێوە دیار نیە بەڵکوو بەرەودوا چوونەویەکی خێرایە کە هەم پرسی نەتەوەیی و هەم دیموکراسی خوازی و یەکسانی و لە گەڵ ئەوانەش کۆمەڵگای کوردستان بەرەو هەڵدێرێکی راستەقینە دەبات .
دیارە حکومەتی کەم تەمەنی کوردی کۆسپی زۆری لە بەردەم دا بوە و چاوەڕوانی باش تێپەڕاندی هەموو کۆسپەکان چاوەڕوانیەکی ئاوەزمەندانە نیە، بەڵام هێندێ کۆسپیش هەیە کە بەداخەوە نە تەنیا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریان نەدراوە بەڵکوو تەنانەت هێندێ جار بە مەبەستی رکەبەرایەتی حیزبی یان بە هۆی پەسەند کردنی هێندێ یاسای هەڵەوە پەرەیان پێ دراوە.
لە گرینگترینی ئەو کۆسپانە کە ئێستا و داهاتووی کوردستان و رەوشی دیموکراسی و پێشکەوتن لەو وڵاتەدا دەخەنە مەترسی زیاد بوونی لە رادە بەدەری مزگەوت و مەلایە . کێشەکە لە بنەماوە دەگەرێتەوە بۆ یاسای کوردستان کە لەودا مزگەوت چێ کردن رێگایەکە بۆ خۆدزینەوە لە باج دان، سەرمایەدارەکانی کوردستان (بە وتەی وەزیری رۆشنبیری) مزگەوت دروست دەکەن بۆ ئەوەی لە تێچووی بیناکانی دیکەیان کەم بکەنەوە، هەڵمەتی مزگەوت سازی لە کوردستان دا لە سەر ئەساسێکی وەهایە، بەداخەوە لە یاساش دا هیچ میکانیزمێکی کۆنترۆڵ کردن وەک لە بەرچاو گرتنی حەشیمەت یان پانتایی گەڕەکەکان بۆ دروست کردنی مزگەوت دیاری نەکراوە، ئاکامیشی ئەوەیە کە دەیبینین واتە زیاد بوونی لە رادەبەدەری مزگەوت و پەرە سەندنی پیشەی مەلایەتی، پیشەیەک کە لە خۆیدا دژایەتی لە گەڵ یاسای مرۆیی و دیموکراتیک دا هەیە و هەر کات دەسەڵاتی هەبێ هەموو هەوڵی خۆی بۆ هەڵپێچان و لە ناو بردنی دەسەڵات و حکومەتی دیموکراتیک دەخاتە گەڕ.
زیاد کردنی مزگەوت و مەلا لە لایەن حکومەتێکی سکولارەوە راست وەکوو پەروەردەکرنی دوژمن لە ماڵی خۆدایە، توێژی مەلا بە ئاشکرا رادەگەیەنێ کە یاسا مرۆیەکانی بە دڵ نیە، یاسای تاک هاوسەری بە دژی وتەی خودا دەزانێ، یاسای ئازادی جل و بەرگ بۆ ژنان بە دژی یاسای خودا دەزانێ، یاسای ئازادی خواردن و هاتوچو و رادەربڕین و نوسینی ئەوەی کە لە گەڵ بنەماکانی ئیسلامدا نەگونجێ بە دژی خودا و وتەکانی دەزانێ، دیارە کەسێکی وەها هیچ هەوڵێک بۆ سەقامگیری دیموکراسی نە تەنیا نادات بەڵکوو ئەوەی بۆی بکرێ بۆ تێکدانی ئەو رەوشە دەیکات. واتە ئەو میکانیزمەی کە حکومەتی هەرێم لە بارەی مەلا و مزگەوتەوە گرتوویەتە بەر زیاتر لە هەڵمەتێکی خۆکوشتن دەچێ!
بەڵام ئەوە تەنیا خۆکوشتن نیە و تەنیا حکومەتی تێدا ناچێ بەڵکوو بە واتای لە ناوبردنی ناسنامە و شوناس و فەرهەنگی نەتەوەیەکە کە بە درێژای سەدان ساڵ لە سەرەتایی ترین مافەکانی خۆی بێبەش بوە، بەردەوام تڕۆ کراوە و ئەنفال کراوە و کۆمەڵکوژی نەماوە کە بە ناوی دین یان نەتەوەی باڵادەست پێی نەکرێت و لەم نێوانەدا ئەوەی پێشی بە فەوتانی ئەم نەتەوەیە گرتوە دیارە نەک ئایینی ئیسلام بەڵکوو هەستی نەتەوەیی و فەرهەنگی نەتەوەیی و گرنگی و پیرۆزی خاک و نیشتمان و بۆنە نەتەوەییەکانی بووە.
بەڵام ئێستا بە داخەوە لە داوێنی حکومەتێکی کوردی و خۆماڵی دا زیاترین هەوڵ بۆ لەناو بەردنی هەموو پاشخانە نەتەوەییەکانی کورد و هەروەها لەناوبردنی دیموکراسی دەدرێت و هەڵویستی کۆمەڵگای کوردستان و دادگا و حکومەتی هەرێم هەر بێدەنگیە.
ئەو فایلە ویدیۆییانە کە لە مزگەوتەکانی کوردستانەوە رۆژانە دێنە دەر و بڵاو دەبنەوە دەرخەری ئەو رەوتەیە.
دژایەتی دیموکراسی هەموو کاتێ بە دژایەتی ژن و مافەکانی ئەوەوە دەست پێدەکات و مەلاکان کوردستان لەو کارەدا زۆر بێ ترس هەنگاو دەنێن.
لەوانەی کۆمەڵگای کوردستان هێشتا هەست بە مەترسی نەکات و هێرشەکە تەنیا هێرشێک بۆ سەر ژنان لە قەڵەم بدات و کاریگەریشی لە بەرچاو نەگرێت، بەڵام ئەم دەسپێکە ئاکامی زۆر قورستری بە دواوەیە و بە سوک وەرگرتنی ئەم بابەتە دەتوانێ ببێتە مەترسیەکی راستەقینە بۆ سەر کیانی سیاسی نەتەوەی کورد و حکومەتی کوردی.
رێژەی سەرسوڕهێنەری ژن کوژی و خۆ کوشتنی ژنان و لە هەمان کات دا ئازادی تەواوی توێژی مەلا بۆ پەرە پێدانی راستەوخۆ بە توندوتیژی دژ بە ژنان، جەرەسی مەترسیەکی جیدیە بۆ سەر کۆمەڵگای کوردی و هەروەها حکومەتی دیموکراتیکی کوردستان، ئەزمونی هەموو وڵاتانی دنیا سەلماندویەتی کە رادەی ئازادی وکراوەیی و دیموکراسی و هەستی بەختەوەری لە هەر کۆمەڵگایەک دا بەستراوەیی راستەوخۆی بە وەزعیەتی ژنانی ئەو کۆمەڵگاوە هەیە.
لە کوردستان دا ساڵانێکە رێکخراوەی جۆراوجۆری بەرگری لە ژنان دامەزراوە و یاسا بە ناو بەرگری لە مافی ژنان وەکوو هاوڵاتی دەکات بەڵام بۆچی وەزعیەتی ژنانی ئەو کۆمەڵگا نە تەنیا چاکتر نابێت بەڵکوو کێشەکانیان بەردەوام روو لە زیاد بوونە؟
برگری لە مافی ژن چۆن جێبەجێ دەبێ لە کاتێکدا کە مزگەوت و مینبەر و مایک هەموو بۆ سەرکوت و پرۆپاگاندا بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان تەرخان دەکرێ؟! بۆچی یاسا و دادگای کوردستان بە نیسبەت ئەو توندوتیژییە راستەوخۆیە بێدەنگی هەڵدەبژێرێ؟
ئایا یاسای وڵاتێکی دیموکراتیک حوکم بە پاراستنی کەرامەتی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا نادات؟ ئەی بۆچی هیچ مەلایەک بە بۆنەی سووکایەتی و پەرەدان بە توندوتیژی بە دژی ژنان راپێچی دادگا ناکرێت؟ بۆ هێچ لێپرسینەوەیەک بۆ توێژی مەلا نیە؟
ئایا ئەوان پیرۆزییان هەیە و لە دەرەوە و سەرەوەی یاسان؟! ئەگەر وایە با باسی دیموکراسی هەر نەکەین چونکو دیموکراسی هیچ نێوان خۆشیەکی لە گەڵ بابەتی پیرۆز و پیرۆزی بەخشین دا نیە و هەموو کەس و هەموو شتێک لە بەردەم دادگا و یاسای دیموکراتیک دا وەکوو یەکن.
پرۆپاگاندا بە دژی ژنان لە شوێنی گشتی دا کردەوەیەکی بە تەواوی نادیموکراتیکە و لە وڵاتێکی ئازاد دا بێ گومان لێپرسینەوە و دادگایی کردنی بە دواوەیە بەڵام لە کوردستان دا بووە بە شتێکی ئاسایی و رۆژانی هەینی تەرخان کراوە بە دژایەتی ژنان! رەوتی ئیسلامی لە کوردستان دا هەنگاو بە هەنگاو بەرەو سڕینەوەی دیموکراسی وەپێش دەچێت و لەو کارەشدا زۆر دەستی ئاوەڵایە و ئەوەی بیهەوێ دەیکات. گەنجێک بۆ لایکی لاپەڕەیەکی فەیسبووک دادگایی دەبێت و کەسانی وەکوو مەلا مەزهەر و مەلا مەحیە و مەلا عەبدولسەمەد کە بە ئاشکرا یەکیان نەتەوەی کورد و ئەوی دیکە نیوەی کۆمەڵگا سوک و چروک دەکەن و سێهەمینیشیان خوێنی خەڵکی کورد حەڵاڵ دەکات هیچ لێپرسینەوەیان لێ ناکرێ ؟
ئایا ئەمە بە ئاشکرا سڕینەوەی دیموکراسی و خۆ خستنە ناو چەقبەستوویی نیە؟ ئایا یەکەم مەرجی دیموکراسی پاراستنی هەرێمی تاکەکەسی نیە؟ دادگا و دادوەری گەرمیانی کوردستان بە پێی چ یاسا و رێسایەکی دیموکراتیک دەست دەخاتە سەر هەرێمی تاکە کەسی هاوڵاتیەک و لە سەر بابەتێک کە هیچ ئازاری بۆ خەڵک نەبووە راپێچی زیندانی دەکات؟ بۆچی یاسای دیموکراتیک لە وڵاتی کوردان دا لنگەو قوچە؟ دیموکراسی دەڵێ تا ئەو کاتەی ئازادی و ئاسایشی خەڵکت پێشێل نەکردوە ئازادی چی پێت خۆشە بیکەی، بەڵام لای ئێمە بە پێچەوانەیە، ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر ئازادی تاکە کەسی خەڵک بۆ ماڵەوە دەنێردرێن و لایەنی بەرانبەر زیندانی دەکرێ!
لە کوردستان دا دەستی رەوتی ئیسلامی ئەوەندە ئاوەڵایە کە یاسا لە بەرانبەری دا بە تەواوی بێ مانایە! یاسا هەمان شتە کە ئەوان دەخوازن و دەڵێن، مزگەوت قەڵای پیرۆزی مەلایە و لەودا بە کەیفی خۆی حکومەت دەکات و کەس لێی ناکۆڵێتەوە و کۆمەڵگایەکیش کە لەودا توێژێکی تایبەت بوونیان هەبێ کە بە شێوەی دڵخوازی خۆیان لە شوێنی گشتی بدوێن و هیچ لێپرسینەوە و لێکۆڵێنەوەشیان لێ نەکرێت و بەرپرسیاری ئاکامی وتەکانیان نەبن، رۆژ لە دوای رۆژ لە دیموکراسی دوور دەبێتەوە و بەرەو چەقبەستوویی باز دەدات و ئاکامی چەقبەستووییش جگە لە گەندەڵی و هەڵدێری ئەخلاقی و لە ناوچوون و نەگبەتی هیچی تر نیە.
بە راستی ئایا کاتی ئەوە نەگەییشتوە کە لە جیاتی دەست خستنە سەر ئازادیە تاکە کەسیەکانی خەڵک ئاورێک لە ئەو گەندەڵیە ئەخلاقیە بدەینەوە کە لە مزگەوتەکانەوە سەرچاوە دەگرێت و خەریکە هەموو کۆمەڵگا بگرێتەوە؟
مەگەر ئەخلاق چیە جگە لە پاراستنی کەرامەتی خەڵک و هەڵسوکەوتی مرۆییانە و دوور کردنی خەڵک لە درۆ و ناراستی و توندوتیژی؟ ئایا مزگەوتەکانی کوردستان پارێزەری ئەخلاقن یاخود هەڕەشە و مەترسین بۆ سەر ئەخلاقی گشتی کۆمەڵگا؟
مزگەوتەکانی کوردستان بە ئاشکرا پیاوان بۆ کۆنترۆڵ کردن و پێشێل کردنی ئازادی ژنان و توندوتیژی بەرانبەر بە ئەوان و تێکدانی ئاسایشی ژیانی بنەماڵەیان هان دەدەن، ژن بە شەیتان و سەرچاوەی نەهامەتی دەناسێنن، کۆنترۆڵی ژن و کچ و منداڵ بە ئەرکێکی خودایی بۆ پیاو و دەرخەری غیرەتی ئەو پێناسە دەکەن، پرۆپاگاندا بۆ فرەژنی دەکەن و هاوکات لە گەڵ دژایەتی کردنی ژن سەرنجی پیاوان و لاوان بەرەو لای جەستەی ژن رادەکێشن و لە ژن تەنیا جەستە و سێکس دەناسێنن، لەو رێگایەوە ئاڵۆش و شەهوەتی ئەوان بۆ جەستەی ژن بە هێز دەکەن و راستەوخۆ رێژەی دەسدرێژی و ئازاری ژنان لە لایەن پیاوانەوە دبەنە سەر. وایان پێ حاڵی دەکەن کە ژنی باش نابێ لە ماڵ بێتە دەرەوە کە وابوو ئەوەی لە دەرەوەیە باش نیە و بۆیان هەیە بە هەر شێوەیەک کە پێیان خۆشە هەڵسوکەوتی لە گەڵ بکەن و ئازاری بدەن.
مەلا دەروونناسێکی باشە بۆ ئەو کۆمەڵگایە کە وەدوای دەکەوێ و قسەی لەودا رەوایی هەیە، ئەو لە رێگای بە هێز کردنی شەهوەتی پیاوان و پشتیوانی دینی و شەرعی دۆزینەوە بۆ ئازار و سووکایەتی بە ژنان، ئەخلاقی ژیانی کۆمەڵایەتی لە پیاوان دەسێنێت و دەیانکات بە بوونەوەرێکی دڕندە و لە رێگای ئەوانەوە ژنان بەرەو ماڵ راودوو دەنێ و لە ژیانی کۆمەڵایەتی بێ بەشیان دەکات.
بۆیە لە هەڵەدا نین ئەگەر مزگەوتی ئەم سەردەمەی کوردستان بە بنکەیەکی دژە ئەخلاق و پەرەپێدەری گەندەڵی ئەخلاقی بناسێنین.
ئەو فایلانە کە لە دانیشتنە تایبەتیەکانی کەسانی وەکوو مەلا مەزهەر دەرکەوتووە دەرخەری ناوەرۆکی توێژێکی کۆمەڵگایە کە بە نارەوا ناوی مامۆستایان لە خۆ ناوە و هیچ بەرهەمێکیان جگە لە تێکدانی باری ئەخلاقی کۆمەڵگا و ژەهراوی کردنی مێشکی خەڵکی کورد نیە. مەلاکانی کوردستان کە هەم لە کردەوەدا و هەم لە قسەدا دواکەوتەی ئاخوندەکانی ئێرانن جگە لە بەستراوەیی ئاشکرایان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و تێکدانی رەوشی دیموکراسی لە کوردستان دا خەریکن ببن بە هەڕەشەیەک بۆ بوونی نەتەوەیی کورد، لە کاناڵە تەلەفێزیۆنەکانی خۆیاندا بەرهەمە سینمایەکانی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت ئەوانەی کە بە دژی نەتەوەی کورد ساز کراوە دوبلە دەکەنە سەر زمانی کوردی و دەرخواردی خەڵکی کوردستانی دەدەن و هەموو هەوڵیان بۆ جێبەجێکردن و باو کردنی بەهاکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دا دەخەنە گەڕ. بەداخەوە لە بەرانبەردا هەڵویست تەنیا بێدەنگیە. تەکفیری خەڵکی کوردستان دەکەن و گەورەترین بۆنەی نەتەوەیی ئەوان کە ناسنامە و شوناسی مێژووییانە بە پیس و کافرانە و نارەوا لە قەڵەم دەدەن و دیسان هەڵویست هەر بێدەنگیە! مەلا مەزهەر بۆ لەو هەموو شتە خاکی کوردستان و نیشتمان دەکاتە قوربانی عومەر؟ بۆچی جاران گیانی خۆیان و موسڵمانان بە قوربان دەکرا و ئێستا ئەوە گۆڕاوە بە خاکی کوردستان؟
ئایا مەلا مەزهەرێک کە گۆرانی بە باڵای فاسۆلیا و برنجی مفتە دەڵێ و مەولای سەرەکی ئەو بە وتەی خۆی چێشتەکەی بەردەمیەتی لە خۆڕا خاکی کوردستان ئاوا هەرزان فرۆش دەکات؟ یان لە شوێنێکەوە کە برنجی چەورتر و گۆشتیشی بۆ دابین دەکرێ ئەوەی وەکوو ئەرک بۆ دیاری کراوە؟
ئایا کاتی ئەوە نەگەییشتوە کە کۆمەڵگای کوردستان هەستیاری خۆی بە نیسبەت رووداوەکانی دەورووبەری بباتە سەرەوەو هەوڵ بدات بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی قسەکان؟
ئایا بە راستی دەرکردنی حوکمی کوشتن بۆ خەڵکێک کە ئاگری نەورۆزیان لە لا گرینگە ئەوەندە ئاساییە کە هیچ هەڵویست و دژکردەوەیەکی لێ ناکەوێتەوە؟ رێکخراوە مەدەنیەکانی کۆمەڵگای کوردستان تێگەیشتنیان لە مەدەنیەت و شارۆمەندی و دیموکراسی ئەوەندەیە کە هەر کەس بە ئیشتهای خۆی حوکمی کوشتنی خەڵک بدات و ئەوان بێدەنگی هەڵبژێرن؟
ئەگەر هەرێمی تاکەکەسی خەڵک و کەسایەتی کۆمەڵایەتی ژن و هەروەها خاک و نیشتمان و بوونی نەتەوەیی خۆمان و ناسنامەمان ئەوەندە بەلاوە بێ بەهایە، دەبێ بە راستی لە ئیدعای نەتەوە بوونی خۆمان و ئازادیخوازیمان پاشگەز ببینەوە، چونکو نەتەوە و خەڵکی ئازادیخواز لە هەڵویستەکانیان دا شوناسی خۆیان دەردەخەن.
بێ گومان کومەڵگای کوردستان و حکومەتی کوردی ئەگەر گرینگی بە بابەتی دیموکراسی و پێشکەوتن و ژیانی مرۆیی خەڵکی کورد بدات و ئەگەر بیهەوێ پارێزگاری باش بۆ بەرهەمی خوێنی هەزاران گیانبەخت کردووی کوردستان بێت، دەبێ بە خۆیدا بچێتەوە و وشیارانە و بوێرانە لە گەڵ ئەو هەڕەشەیە کە لە لایەن مزگەوتەوە بەرەوڕووی دەبێ هەڵویست بگرێت.



 

ڕێکه‌وتی بڵاوکردنه‌وه 2013-03-23 17:59:00
به‌شی ( هه‌مه‌جۆر ) ئاماده‌کرد ( گوڵاڵە کەمانگەر )



لە, ناوچەی, گەرمیانی, کوردستان, دا, هێرش, دەکرێتە, سەر, گەنجێکی, کورد, و, سکاڵا, بە, دژی, تۆمار, دەکرێ, و, تەنانەت, رەوانەی, زیندانیش, دەکرێ, تاوانەکەش, تەنیا, لگوڵاڵە, کەمانگەرگوڵاڵە, کەمانگەر, مزگەوت, بنکەیەک, بۆ, تێکدانی, رەوشی, دیموکراسی, و, هەستی, نەتەوەیی, کورد Tags





په‌خشی ده‌نگی ئازاد


مه‌ریوان هه‌له‌بجه‌یی
زنجیره‌ به‌رنامه‌ی ئاوێنه.
ڕۆژی 08/17/2017
کاتژمێر 21:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
فاتیح محمود احمد چیرۆکێکی تری محمد
ڕۆژی 08/11/2017
کاتژمێر 23:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
مێژوە خوێناویەکەی قورئان و محمد
ڕۆژی 08/09/2017
کاتژمێر 22:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا