مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی: زه‌ینه‌ب , بووك و پورزاى موحه‌ممه‌د

مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی: زه‌ینه‌ب , بووك و پورزاى موحه‌ممه‌د

مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی

به‌شی دووهه‌م

مێژوونوسان باسی ئه‌وه‌یان کردووه‌ كه‌ موحه‌ممه‌د ئه‌م منداڵه‌ی زۆر خۆشویستووه‌. له‌گه‌ڵ ژنێکیشدا هاوسه‌رگیریه‌کی بۆ ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام به‌ شێوازێک که‌ له‌ مێژوودا هاوشێوه‌ی نه‌بووه‌.

أُمّ كُلْثُوم بِنْت عُقْبَة بْن أَبِي مُعَيْط, وَكَانَتْ وَهَبَتْ نَفْسهَا لِلنَّبِيِّ صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ, فَزَوَّجَهَا مِنْ زَيْد بْن حَارِثَة, فَكَرِهَتْ ذَلِكَ هِيَ وَأَخُوهَا وَقَالَا : إِنَّمَا أَرَدْنَا رَسُول اللَّه صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَزَوَّجَنَا غَيْرَهُ.[8]

ڕۆژێکیان ژنێك به‌ناوى (ئوم كولثوم کچی عوقبة) هاتۆته‌ لای موحه‌ممه‌دو خۆى پێشكه‌ش کردووه‌, (له‌ قورئاندا بۆ موحه‌ممه‌د حه‌ڵاڵ کراوه‌ که‌ هه‌ر ژنێک خۆی پێشکه‌ش بکات، موحه‌ممه‌دیش پێی ڕازی بێت، به‌بێ ماره‌بڕین ده‌بێته‌ ژنی. هه‌ر له‌م فه‌سڵه‌دا به‌ درێژی باسی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌که‌ین) به‌ڵام موحه‌ممه‌د ئه‌م ژنه‌ی نه‌ویستووه‌، به‌خشیوێتی به‌ زه‌یدو له‌و ماره‌ی کردووه‌، به‌مه‌ش (ئوم کولثوم)و براکه‌ی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌و وتویانه‌: ئێمه‌ خودی په‌یامبه‌رمان ویست که‌چی ئه‌و له‌ یه‌کێکی تری ماره‌ کردین.

به‌ڵام ژنه‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌دژی ئه‌م بڕیاره‌ی موحه‌ممه‌د هه‌ڵوێستگیری بکات و له‌ کاره‌که‌ی خۆی په‌شیمان ببێته‌وه‌ به‌ڵکو ناچار بووه‌ ڕازى ببێت که‌ شوو به‌ زه‌ید بکات.[9] به‌م شێوه‌یه‌ موحه‌ممه‌د یه‌که‌م ژنی بۆ زه‌یدی کوڕی هێنا، هه‌ر موحه‌ممه‌دیش بوو هاوسه‌رگیری دووهه‌می بۆ ئه‌نجام دا، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ مێژوو نه‌یتوانیوه‌ له‌ بیری بکات.

موحه‌ممه‌د کچه‌ پورزایه‌کی هه‌بوو به‌ ناوی زه‌ینه‌ب، ئه‌ندامی خێزانێکی هه‌ژار بووه‌. له‌ سه‌ره‌تاکانی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامدا بووه‌ته‌ موسڵمان، دواتر کۆچی کردووه‌ بۆ مه‌دینه‌و له‌گه‌ڵ براو هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی به‌ هه‌ژاری ژیاون. کاتێک که‌ موحه‌ممه‌د چووه‌ته‌ خوازبێنی زه‌ینه‌ب، سه‌ره‌تا وای زانیوه‌ که‌ موحه‌ممه‌د بۆ خۆی داخوازی کردووه‌ نه‌ک بۆ زه‌ید، دواتر که‌ بۆی ده‌رکه‌وتووه‌ داخوازی بۆ زه‌ید ده‌کات ڕازى نه‌بووه‌ شوو به‌ زه‌ید بكات. ته‌نانه‌ت برایه‌كی زه‌ینه‌بیش ناڕازی بووه‌.[10] یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ی که‌ زه‌ینه‌ب و براکه‌ی کردبویانه‌ هۆکار ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ زه‌ید كۆیله‌ بووه‌و دواتر ئازاد کراوه‌.

بەڵام چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌لاى موحه‌ممه‌ده‌وه‌ ئاسان بوو, چونكه‌ ئه‌و ڕاهاتبوو، له‌پێناو سه‌رکه‌وتنی خۆی و به‌جێهێنانی مه‌رام و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی، هه‌ندێک یاساو ڕێسا دابنێت و بڕیاری کتوپڕ ده‌ربکات، دواتر بڵێت ئه‌مه‌ له‌ خوداوه‌ بۆم دابه‌زیوه‌، به‌م شێوه‌یه‌ توانیبووی ده‌مکوتی هه‌موو دژه‌وانه‌یه‌کی خۆی پێ کردووه‌. له‌م بابه‌ته‌شدا وه‌های کردو قسه‌یه‌کی کردو وتی ئه‌مه‌ ئایه‌ته‌و له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆم هاتۆته‌ خواره‌وه‌:

وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلَا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْرًا أَن يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ وَمَن يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ ضَلَّ ضَلَالًا مُّبِينًا.[11]

كاتێك خواو په‌یامبه‌ره‌كه‌ى بڕیارى شتێكیان دا, بۆ هیچ پیاوو ژنێكى ئیماندار نییه‌ سه‌رپشک بن له‌و کاره‌ که‌ جێبه‌جێی ده‌که‌ن یان نا، ئه‌وه‌ى سه‌رپێچى بڕیاری ئه‌وان بكات به‌راستى سه‌رلێشێواوه‌.

مه‌به‌ست له‌م ئایه‌ته‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر کاتێک موحه‌ممه‌د بڕیاری له‌سه‌ر بابه‌تێک دا، ئیتر بۆ که‌س نیه‌ سه‌رپێچی له‌و بڕیاره‌ بکات و جه‌به‌جێی نه‌کات، ده‌بێت هه‌موو ملکه‌چی ئه‌و بڕیاره‌ بن. ئێستاش که‌ موحه‌ممه‌د بڕیاری داوه‌ زه‌ینه‌ب ببێته‌ ژنی زه‌ید، ئیتر بۆ زه‌ینه‌ب نییه‌ سه‌رپێچی بکات و بڵێ من شوو به‌ زه‌ید ناکه‌م، چونکه‌ به‌و کاره‌ی سه‌رپێچی موحه‌ممه‌دو خوداکه‌ی ده‌کات.

کۆڕای زانایان و ڕاڤه‌کارانی قورئان ده‌ڵێن که‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ نوسراوه‌ تا زه‌ینه‌ب به‌ حوكمى خوداو موحه‌ممه‌د ڕازى ببێت و شوو به‌ زه‌ید بكات.[12] به‌ حوكمى ئه‌م ئایه‌ته‌ زه‌ینه‌ب ناچار کراو شووی به‌ زه‌ید کرد.

ڕۆژێکیان موحه‌ممه‌د سه‌ردانی زه‌یدی کردووه‌, ئه‌و سه‌ردانه‌ ته‌نها ڕێکه‌وت بوو، به‌ڵام له‌و سه‌ردانه‌ ڕێکه‌وت و کتوپڕه‌دا چووه‌ته‌ ژوره‌وه‌و زه‌ینه‌بی به‌ نیمچه‌ ڕووتی بینیوه‌, باڵابه‌رز، سپى، جوان، وه‌ك نایابترین ژنى قوڕه‌یش ده‌رکه‌وتووه‌. موحه‌ممه‌د به‌م دیمه‌نه‌ جوانه‌ سه‌رسام بووه‌و نه‌یتوانیوه‌ ئه‌م سه‌رسامبوونه‌ی خۆی بشارێته‌وه‌، دوور له‌ هه‌موو ئه‌ده‌بێکی ئایینی وتویه‌تی: (سُبْحَان اللَّه مُقَلِّب الْقُلُوب). گه‌وره‌یى و دانایى هه‌ر بۆ خوا كه ‌دڵ له‌ دڵان هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه‌.[13]  

 

به‌م شێوه‌یه‌ زه‌ینه‌ب چووه‌ته‌ دڵى موحه‌ممه‌ده‌وه‌، زه‌ینه‌بیش گوێی له‌م قسه‌ سێکسییه‌ بووه‌و هه‌ستی به‌ حاڵه‌تی شێواوی موحه‌ممه‌د کردووه‌. كاتێك که‌ زه‌ید گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، زه‌ینه‌ب رووداوه‌كه‌ى بۆ گێڕاوه‌ته‌وه‌. ئیمامى ته‌به‌رى له‌ ڕاڤه‌كه‌ى خۆیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ کردووه‌، كاتێك كه‌ خودا بۆی ده‌رکه‌وتووه‌ چى كه‌وتۆته‌ دڵى په‌یامبه‌ره‌كه‌یه‌وه‌، واى له‌ زه‌ید كردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر زه‌ینه‌بدا رق و كینه‌ په‌یدا بکات،[14] تا له‌به‌رچاوی بکه‌وێت و چیتر له‌گه‌ڵی نه‌ژی و ته‌ڵاقی بدات. زه‌ید به‌ زه‌ینه‌بی وتووه‌: واى ده‌بینم چووبیته‌ دڵى په‌یامبه‌ره‌وه‌, ئه‌ڵێى چى تەڵاقت بده‌م و په‌یامبه‌ر ماره‌ت بكات؟ زه‌ینه‌بیش ده‌ڵێت: له‌وه‌ ده‌ترسم تەڵاقم بده‌یت و ئه‌ویش ماره‌م نه‌كات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ زه‌ید چووه‌ بۆ لاى په‌یامبه‌ر و پێى وتووه‌: من زه‌ینه‌ب تەڵاق ده‌ده‌م. موحه‌ممه‌دیش پێی وتووه‌:

أَمْسِكْ عَلَيْكَ زَوْجَكَ وَاتَّقِ اللَّهَ.[15]

ده‌ست به‌ ژنه‌که‌ته‌وه‌ بگره‌ و له‌خوا بترسه‌.

بەڵام ئه‌مه‌ كاریگه‌رى به‌سه‌ر زه‌یده‌وه‌ نه‌بووه‌, ئه‌و به‌ باشى له‌ گرنگیی بابه‌ته‌که‌ تێگه‌یشتبوو, بۆیه‌ بێ هیچ دوودڵییه‌ک زه‌ینه‌بی تەڵاق داوه‌. له‌ دوای نزیکه‌ی سێ مانگ، موحه‌ممه‌دو زه‌ینه‌ب چوونه‌ته‌ په‌رده‌ی بووک و زاوایه‌تیه‌وه‌، به‌ڵام به‌ شێوازێک که‌ ئه‌وه‌ ده‌هێنێت لێره‌دا که‌مێک لێی بدوێین.

ڕه‌نگه‌ ئێستا به‌لای هه‌ندێکه‌وه‌ ئاسایی بێت که‌ موحه‌ممه‌د ژنێکی له‌م شێوه‌یه‌ی هێنابێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌کاتی خۆیدا له‌سنوور ده‌رچوون و کارێکی نامرۆڤانه‌ بووه‌. هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ئاشکرابوونی نیازی موحه‌ممه‌د بۆ هاوسه‌رگیریی ئه‌و له‌گه‌ڵ زه‌ینه‌بدا مشتومڕێکی به‌ربڵاوی هێنایه‌ به‌رهه‌م، هه‌موو ده‌یانگوت (چۆن ده‌بێت باوك بووكى خۆى ماره‌ ده‌كات؟؟). به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ بانگه‌وازه‌که‌ی موحه‌ممه‌د زۆر گرنگ بوو كه‌ پێشتر چه‌ند جارێك بڵاوی کردبووه‌وه‌: (ئه‌ى خه‌ڵكى قوڕه‌یش ئێوه‌ شاهید بن زه‌ید كوڕى منه‌, میراتم ده‌گرێ و میراتى ده‌گرم.) له‌ دیدى موسڵماناندا موحه‌ممه‌د كه‌سێكى پاكه‌و هه‌ڵه‌ ناكات, هه‌ر قسه‌یه‌كیش ئه‌و بیكات له‌ خۆوه‌ نایكات, به‌ڵكو وه‌حییه‌و له‌ لایه‌ن خوداوه‌ ئه‌و وه‌حییه‌ى بۆ ره‌وانه‌ كراوه‌. له‌ قورئاندا نوسراوه‌:

وَمَا يَنطِقُ عَنِ الْهَوَى, إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَى.[16]

(موحه‌ممه‌د) له‌ خۆوه‌و به‌ ئاره‌زووی خۆی قسه‌ ناکات، به‌ڵکو وه‌حییه‌و له‌ خوداوه‌ پێی ده‌گات.

ئه‌و وتویه‌تی زه‌ید کوڕمه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یڵێت وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ خودا وتبێتی، ئیتر ئه‌وه‌ چۆن ڕاسته‌ که‌ هه‌تا دوێنێ وتویه‌تی زه‌ید کوڕمه‌ که‌چی ئه‌مڕۆ ده‌ڵێت کوڕم نییه‌.!؟ چۆن ده‌بێت ئافره‌تێک هه‌تا دوێنێ بووکی بووه‌ که‌چی ئه‌مڕۆ ده‌ڵێت ده‌یکه‌مه‌ ژنم.!؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ باوکێتی خۆی بۆ زه‌ید په‌شیمان بوبێته‌وه‌، خۆ زه‌ینه‌ب دوێنێ بووکی بوو، په‌یوه‌ندی به‌ په‌شیمانبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی موحه‌ممه‌ده‌وه‌ نییه‌و هه‌تا هه‌تایه‌ وه‌ک بوکێکی کۆنی ئه‌و ده‌مێنێته‌وه‌.! ئه‌گه‌ر زه‌یدو زه‌ینه‌ب منداڵێکیان هه‌بوایه‌، موحه‌ممه‌د ده‌بووه‌ باپیری منداڵه‌که‌، ئیتر چۆن ده‌گونجا ژنێک شوو بکات به‌ باپیری منداڵه‌که‌ی خۆی.! جا ئه‌گه‌ر کوڕێک ون ببێت، بمرێت، بکوژرێت، سه‌رگه‌ردان بێت، یان ژنه‌که‌ی خۆی ته‌ڵاق بدات..تاد، نابێ و ناشێت باوک بووکی خۆی له‌ خۆی ماره‌ بکاته‌وه‌.!

وه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، موحه‌ممه‌د ڕاهاتبوو بۆ ده‌مکوتکردنی نه‌یارانی، زوو زوو قسه‌ی کردووه‌و وتویه‌تی ئه‌مه‌ ئایه‌تی خودایه‌. بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م گرفته‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌و بێده‌نگكردنى خه‌ڵكه‌كه‌و گه‌یشتن به‌ غه‌ریزه‌ سێکسییه‌کانی خۆی, به‌ئایه‌تێك وه‌ڵامی هه‌موویانی دایه‌وه‌:

وَإِذْ تَقُولُ لِلَّذِي أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَأَنْعَمْتَ عَلَيْهِ أَمْسِكْ عَلَيْكَ زَوْجَكَ وَاتَّقِ اللَّهَ وَتُخْفِي فِي نَفْسِكَ مَا اللَّهُ مُبْدِيهِ وَتَخْشَى النَّاسَ وَاللَّهُ أَحَقُّ أَن تَخْشَاهُ فَلَمَّا قَضَى زَيْدٌ مِّنْهَا وَطَرًا زَوَّجْنَاكَهَا لِكَيْ لَا يَكُونَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ حَرَجٌ فِي أَزْوَاجِ أَدْعِيَائِهِمْ إِذَا قَضَوْا مِنْهُنَّ وَطَرًا وَكَانَ أَمْرُ اللَّهِ مَفْعُولً.[17]

کاتێک قسه‌ بۆ که‌سێک ده‌که‌یت که‌ ئه‌و که‌سه‌ خودا ئیمانى پێبه‌خشی و تۆش ئازادیت پێبه‌خشی، پێی ده‌ڵێیت ده‌ست به‌ ژنه‌که‌ته‌وه‌ بگره‌و له‌ خوا بترسه‌، هه‌روه‌ها شتێكیش له‌ ده‌روونتدا ده‌شاریته‌وه‌ له‌ کاتێکدا خودا ده‌یه‌وێت ئاشكراى بكات، خودا له‌پێشتره‌ كه‌ حسابى بۆ بكه‌یت و لێى بترسیت، جا ئه‌و كاته‌ى كه‌ زه‌ید له‌و تێر بوو وه‌ پێویستى پێ نه‌ماو جیابوه‌وه‌, ئا له‌و كاته‌ ئه‌ومان له‌تۆ ماره‌ كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى هیچ شه‌رمه‌زارییه‌ك بۆ ئیمانداران دروست نه‌بێت بۆ له‌مه‌ودوا بتوانن ئه‌و ژنانه‌ ماره‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌ منداڵه‌ ته‌به‌نیه‌که‌یان لێی تێر بوون و پێویستیان پێیان نه‌ماوه‌و ته‌ڵاقیان داون، ئه‌م بابه‌ته‌ش لای خودا ته‌واو بووه‌و  هه‌ر ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێت.

به‌ شێوه‌یه‌کی ڕوونتر ئه‌م ئایه‌ته‌ ده‌ڵێت:

ئه‌ی موحه‌ممه‌د ئه‌و زه‌یده‌ی که‌ پێت وت ده‌ست به‌ ژنه‌که‌ته‌وه‌ بگره‌و له‌ خوا بترسه‌، کاتی خۆی کافرو سه‌رلێشێواو بووه‌، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و کافری و بێباوه‌ڕه‌ی خۆی بمابایه‌ته‌وه‌ ده‌چووه‌ دۆزه‌خه‌وه‌، به‌ڵام من به‌زه‌ییم پێیدا هاته‌وه‌و وام لێکرد باوه‌ڕ به‌ من بهێنێت که‌ ته‌نها من هه‌م، باوه‌ڕ به‌ تۆش بهێنێت که‌ په‌یامبه‌ریت، به‌م شێوه‌یه‌ کردمه‌ موسڵمان و دواتر به‌هه‌شتی پێ ده‌به‌خشم، هه‌روه‌ها کاتی خۆی کۆیله‌ش بوو، به‌ کۆیله‌یه‌تی به‌خشیان به‌ تۆو تۆش له‌ کۆیلایه‌تی ڕزگارت کردو ئازادت کرد، ئه‌مه‌ چاکه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌یه‌ که‌ منی خوداو تۆی په‌یامبه‌ر له‌گه‌ڵ زه‌ید کردوومانه‌، تا ئێره‌ به‌سه‌، تۆ حه‌زت له‌ زه‌ینه‌به‌و ئاره‌زووته‌ بیکه‌یته‌ ژنی خۆت، ئیتر تۆ بۆ شه‌رم ده‌که‌یت و ڕاستیه‌کان نادرکێنیت.؟؟ بۆ نایدرکێنیت و له‌ ده‌روونتدا ده‌شاریته‌وه‌، له‌ کاتێکدا که‌ منی خودا ده‌مه‌وێت به‌ شاراوه‌یی نه‌یهێڵمه‌وه‌و ئاشكراى بکه‌م.!؟؟ تۆ نابێت شه‌رم بکه‌یت و بیروبۆچوونی خه‌ڵکی به‌هه‌ند وه‌ربگریت و له‌ قسه‌یان بترسیت، چونکه‌ منی خودا له‌پێشترم كه‌ شه‌رمم لێ بکه‌یت و لێم بترسیت، نه‌ک خه‌ڵکی، جا ئه‌و كاته‌ى كه‌ زه‌ید له‌ زه‌ینه‌ب تێر سێکس بوو، ئه‌وه‌نده‌ له‌گه‌ڵی ژیا که‌ ئیتر پێویستى پێی نه‌ماوه‌و ئینجا ته‌ڵاقی دا, ئا له‌و كاته‌وه‌ ئه‌وم له‌تۆ ماره‌ كردووه‌، هه‌ر له‌گه‌ڵ زه‌ید زه‌ینه‌بی ته‌ڵاق دا یه‌کسه‌ر من زه‌ینه‌بم له‌ تۆ ماره‌کرد، بۆیه‌ ئه‌م کاره‌شم به‌م شێوه‌یه‌ کرد تا هیچ شه‌رمه‌زارییه‌ك بۆ تۆو بۆ موسڵمانه‌کانی تر دروست نه‌بێت که‌ دووباره‌ی بکه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر پیاوێکی تر منداڵی ته‌به‌نی هه‌بوو، وه‌ک زه‌ید کردبویان به‌ کوڕی خۆیان، گه‌وره‌یان کردو ژنیان بۆ هێنا، دواتر ئه‌م کوڕانه‌ له‌ سێکسی ژنه‌کانیان تێر بوون و ئیشیان پێ نه‌ماو ته‌ڵاقیان دان، ئه‌وه‌ باوکیان ده‌توانن ئه‌و ژنانه‌ ماره‌ بکه‌نه‌وه‌ بۆ خۆیان، نابێت که‌س منداڵی که‌سی تر ته‌به‌نی بکات و بیکاته‌ کوڕی خۆی چونکه‌ بۆ له‌مه‌و دوا ئه‌و جۆره‌ ته‌به‌نیانه‌ حه‌رامن.! ئه‌ی موحه‌ممه‌د رووگیر مه‌به‌و خۆت بگه‌یه‌نه‌ به‌ زه‌ینه‌ب، ئه‌مه‌ فه‌رمانی منی خودایه‌، خۆم زه‌ینه‌بم له‌ تۆ ماره‌ کردووه‌، بچۆ بۆ لاى، شه‌رم مه‌که‌ چونکه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ لای منی خودا ته‌واو بووه‌و  هه‌ر ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێت.

ناهه‌قی موسڵمانان ناگرین که‌ بڕوا ناکه‌ن چیرۆکێکی له‌م شێوه‌یه‌ ڕاست بێت، ئه‌گه‌ر بێت و له‌ قورئانیشدا بێت.! به‌راستى مرۆڤ توشى تێڕامان و تاسان ده‌بێت له‌وه‌ى ئایه‌تێكى له‌م چه‌شنه‌ له‌ قورئاندا بخوێنێته‌وه‌.! به‌تایبه‌تیش له‌ کاتێکدا كه‌ ناوى (زه‌ید) له‌ ئایه‌ته‌كه‌دا هاتووه‌.! وا دیاره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ نه‌ك هه‌ر له‌لاى ئێمه‌, به‌ڵكو له‌لاى راڤه‌كاره‌ گه‌وره‌کانی ئیسلامیش جێى سه‌رنج بووه‌, چونکه‌ سه‌رگوزشته‌یه‌کی عائیشه‌یان بۆ گێڕاوینه‌ته‌وه‌ كه‌ وتویه‌تى:

لو كان محمداً كاتما شَيْئًا مِنْ القرآن لَكَتَمَ هذه الآية.[18]

ئه‌گه‌ر په‌یامبه‌ر شتێكى له‌ قورئان به‌شاراوه‌یى بهێشتایه‌ته‌وه‌, ئه‌وا ئه‌م ئایه‌ته‌ى به‌ شاراوه‌یى ده‌هێشته‌وه‌.

به‌ناوى ئه‌وه‌ى كه‌ خوا پرۆسه‌ى ماره‌بڕینى موحه‌ممه‌دو زه‌ینه‌بى به‌جێگه‌یاندووه‌, ئه‌م شێوه‌ هاوسه‌رگیریه‌ش بۆ موحه‌ممه‌د چووه‌ته‌سه‌ر. کاتێک که‌ موحه‌ممه‌د سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌یه‌ک بووه‌ تا له‌و قه‌یرانه‌ ڕزگاری ببێت و سێکس له‌گه‌ڵ زه‌ینه‌بدا بکات، ئا له‌و کاته‌دا خودا ئاگای له‌م جیهانه‌ نه‌ماوه‌و سه‌رقاڵی ماره‌کردنی ژن بووه‌ بۆ موحه‌ممه‌د، پاڵه‌په‌ستۆی ئاره‌زووه‌ سێکسیه‌کانی موحه‌ممه‌د بۆ کرده‌ی سێکس له‌گه‌ڵ ژنێکی جواندا به‌س بووه‌ که‌ خودا، وه‌ک پیاوێکی مێزه‌ربه‌سه‌ر، یاسا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی موحه‌ممه‌د بنوسێت و مژده‌ی پێ بدات که‌ له‌ ئه‌سمانه‌وه‌ ئه‌م ژنه‌یان بۆ ماره‌ کردووه‌. چه‌ند جارێک زه‌ینه‌ب وتویه‌تی من له‌ ئاسمانه‌وه‌ ماره‌ كراوم، شانازى به‌خۆیه‌وه‌ كردووه‌و به‌ژنه‌كانى دیكه‌ى موحه‌ممه‌دى گوتووه‌: كه‌سوكارتان ئێوه‌ى داوه‌ به‌شوو, بەڵام من له‌حه‌وت ته‌به‌قه‌ى ئاسمانه‌وه‌ خوا به‌شووى داوم. ئه‌مه‌ش عائیشه‌ى ناره‌حه‌ت كردووه‌و هێناوییه‌ته‌ قسه‌ كه‌ بڵێ: پاكیزه‌یى منیش خوا له‌ ئاسمانه‌وه‌ دایبه‌زاندووه‌.[19] واته‌ هه‌مووتان به‌بێوه‌ژنى شووتان كردووه‌ به‌موحه‌ممه‌د ته‌نها من نه‌بێت به‌ كچێنى شووم پێكرد.

وا ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌م ژنهێنانه‌ به‌لاى موحه‌ممه‌ده‌وه‌ زۆر گرنگ و جێى خۆشى بووبێت, چونكه‌ وه‌ک باسیان کردووه‌، ئه‌و شاییه‌ى بۆ زه‌ینه‌ب كراوه‌، بۆ هیچ یه‌كێ له‌ ژنه‌كانى تری موحه‌ممه‌د نه‌كراوه‌.[20] له‌ صه‌حیحه‌که‌ی بوخاریدا نوسراوه‌: نه‌مدیوه‌ موحه‌ممه‌د نانى شایى بۆ ژنه‌كانى دروست بكات وه‌ك ئه‌و نانه‌ى بۆ زه‌ینه‌ب دروستى كرد. [21]

وا ده‌رده‌که‌وێت که‌ مقۆمقۆی خه‌ڵکه‌که‌ کۆتایی نه‌هاتبێت و ئه‌م کاره‌ی موحه‌ممه‌دیان به‌ ته‌واوی سه‌رزه‌نشت کردبێت، بۆیه‌ له‌ ئایه‌تێکی تردا موحه‌ممه‌د زۆر به‌ زه‌قی و به‌ توندی و بێ په‌رده‌ وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌:

مَا كَانَ مُحَمَّد أَبَا أَحَد مِنْ رِجَالكُمْ.[22]

هه‌رگیزاو هه‌رگیز موحه‌ممه‌د باوکی هیچ یه‌کێک له‌ پیاوه‌کانی ئێوه‌ نه‌بووه‌. ‌

ئه‌وه‌ی منی زیاتر له‌ چیرۆکه‌که‌ سه‌رسامتر کردووه‌ بوونی ئه‌م ئایه‌ته‌ تایبه‌ته‌ ئابڕوومه‌ندانه‌یه‌، که‌ ده‌کرا به‌و ساده‌یی و به‌و شێوه بازاڕییه‌ له‌ قورئاندا نه‌بوونایه‌.

زه‌ینه‌ب نزیکه‌ی بیست ساڵ له‌ دوای مردنی موحه‌ممه‌د ژیاوه‌و له‌ ته‌مه‌نی په‌نجاو سێ ساڵیدا مردووه‌.

ته‌واو. لێره‌وه‌ بڕوانه‌ به‌شی یه‌که‌می ئه‌م باسه‌

http://xwdakan.com/xwdakan/index.php/mariwan/3236-0.html


 

[8] تفسير القرطبي, تفسير الاحزاب 4

[9] پاش که‌مێکی ترو له‌ژێر ناونیشانی (خۆبه‌خشینى ژنان به‌ موحه‌ممه‌د)، باسی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌که‌ین.

[10] تفسير القرطبـي في تفسير آية الاحزاب 36

[11] الاحزاب 36

[12] بڕوانه‌ تفسير القرطبـي تفسير الاحزاب 36

[13] تفسير القرطبـي, تفسير الاحزاب 37

[14] تفسير الطبري, في تفسير الاحزاب٣٧

[15] الاحزاب 37

[16] سورة النجم 3و4

[17] الاحزاب 37

[18] عن عَائِشَة : تفسير ابن كثير, تفسير الاحزاب 37

[19] ابن كثير, في تفسير الاحزاب37

[20] تفسير القرطبـي, تفسير الاحزاب 37

[21]. صحيح البخاري » كتاب النكاح » باب الوليمة ولو بشاة, حديث4873

[22] الْأَحْزَاب : 40

ڕێکه‌وتی بڵاوکردنه‌وه 2013-03-29 12:49:00
به‌شی ( مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی ) ئاماده‌کرد ( مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی )



مێژوونوسان, باسی, ئه‌وه‌یان, کردووه‌, كه‌, موحه‌ممه‌د, ئه‌م, منداڵه‌ی, زۆر, خۆشویستووه‌, له‌گه‌ڵ, ژنێکیشدا, هاوسه‌رگیریه‌کی, بۆ, ئه‌نجام, داوهمه‌ریوان, هه‌ڵه‌بجه‌ییمه‌ریوان, هه‌ڵه‌بجه‌یی, زه‌ینه‌ب بووك, و, پورزاى, موحه‌ممه‌د Tags





په‌خشی ده‌نگی ئازاد


مه‌ریوان هه‌له‌بجه‌یی
زنجیره‌ به‌رنامه‌ی ئاوێنه.
ڕۆژی 08/17/2017
کاتژمێر 21:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
فاتیح محمود احمد چیرۆکێکی تری محمد
ڕۆژی 08/11/2017
کاتژمێر 23:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
مێژوە خوێناویەکەی قورئان و محمد
ڕۆژی 08/09/2017
کاتژمێر 22:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا